لە مەراسیمێکدا پەرتوکی ژنە پێشەنگەکانی کۆیە ناسێندرا

لە مەراسیمێکدا بەشی پەرتوکخانە گشتییەکانی کۆیە بە هاوکاری ڕێکخراوی چەتر بۆ گەشەپێدان ناساندنی بۆ پەرتوکی ژنە پێشەنگەکانی کۆیە ڕێکخست.

کۆیە

 

ئێوارەی دوێنێ لە شاری کۆیە بەشی پەرتوکخانە گشتییەکانی کۆیە بە هاوکاری ڕێکخراوی چەتر بۆ گەشەپێدان مەراسیمێکی بۆ پەرتوکی ژنە پێشەنگەکانی کۆیە ڕێکخست کە دەرئەنجامی دیداری ژنە پێشەنگەکانی کۆیە بووە و لە ٦ی ئاداری ٢٠١٩ەوە ئامادەکاری بۆ دەکرێت.

 

نووسەرانی پەرتوکەکە، هاوکار ڕەندیخانی و بەرزان عومەر شیوەجانی دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد دەربارەی ژنە پێشەنگەکان لە دووتوێی پەرتوکێکدا ژیانی ٤٤ ژنی شارەکەیان کۆکردووەتەوە، کە بە درێژایی ١٠٠ ساڵی مێژووی کۆیە یەکەم و پێشەنگ بوون لە بوارە جیاوازەکاندا.

 

سۆزان بەكر سۆفی، یەکێکە لە ژنە پێشەنگەكانی لە پەرتوکەکەدا باسکراوە، لە بارەی پەرتوکەکەوە وتی: زۆر دڵخۆشم كە ناوم چووەتە ناو پەرتوکی ژنە پێشەنگەكانی كۆیە، سوپاسی ڕێكخراوی چەتر دەكەم بەو كارە هەستان، هیوادارم ئەو كارەیان ببێتە هاندانێك بۆ گەنجانمان كە پێشەنگ بن لە كاری جوان تا سود بگەیەنن بە كۆمەڵگە.

 

سیوەیل عوسمان، یەكێکی دیكەیە لە ژنە پێشەنگەكان و وتی: من خۆشحاڵم كە ناوم هەیە لەو كتێبە وەك یەكەم ژنە پەرلەمانتار لە كۆیە پیشەنگ بووم، لە كۆیە ژنی زۆرمان هەیە پێشەنگن، هیوادارم لە داهاتوودا پەرتوکێکی دیکە چاپ بكەن بۆ ئەو ژنانەی ناویان نەهاتووە.