٣٠٧ ئاوارە لەسەر داوای خۆیان بۆ شەنگال و نەینەوا گەڕانەوە
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئاشکرایکرد، ٣٠٧ ئاوارە لە كامپی شاریا لە پارێزگای دهۆك، بۆ زێدی خۆیان لە شەنگال و كۆمەڵگەی جەزیرە لە سنووری پارێزگای نەینەوا گەڕاونەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، دوێنێ ٦ی حوزەیران ٣٠٧ ئاوارەی كەمپی شاریا لە پارێزگای دهۆك، لەسەر داوای خۆیان بۆ زێدی خۆیان لە شەنگال و كۆمەڵگەی جەزیرە لە پارێزگای نەینەوا گەڕاونەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، گەڕانەوەی ئاوەرەكان لە چوارچێوەی بەرنامەی حكومەتە بۆ دابینكردنی ئاسایش بۆ خێزانە گەڕاوەكان، هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ و هێزە ئەمنییەكان و حكومەتە خۆجێیەكان لە هەردوو پارێزگاكە بووە، هەروەها لە ڕێگەی كارتی زیرەكەوە یارمەتییان دەدرێت، ئەمە جگە لەوەی هاوكاریی دیكەیان پێشكەش دەكرێت.
هەروەها بەرێوبەراییەتی خۆبەڕێوەبەری لە شەنگال و دەوروبەری هەموو ئامادەكارییەكی كردووە بۆ پێشوازی كردن لە گەڕانەوەی ئاوارەكانی شەنگال بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان.