لە عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی ٢٤ هەزار هاوژین لەیەک جیابوونەتەوە

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی نیساندا ٤ هەزار و ٦٤٣ هاوژین لەیەک جیابوونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٨ی ئایار، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری حاڵەتەکانی جیابوونەوەی بۆ مانگی نیسان بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد لەو مانگەدا، ٤ هەزار و ٦٤٣ حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگاکاندا تۆمارکراوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢٣ هەزار و ٦٤٣ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە، لە کاتێکدا لە تەواوی ساڵی ٢٠٢٢دا، نزیکەی ٧٠ هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگاکاندا تۆمارکراون، کە دەکاتە ڕۆژی ٢٠٠ حاڵەت.

 

جیابوونەوەی هاوژینەکان بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، سەرەکیترینیان هاوسەرگیری لەتەمەنی زوودا، خراپی دۆخی ئابووری، توندوتیژی خێزانی.