لە دژی قڕکردن ئیزدییەکان بە تێکۆشانی خۆیان سەرکەوتن

لە پێنجەمین کۆنگرەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال سەبارەت بە کۆمەڵگەی ئێزیدی شەنگال لە کامپی ئێزیدییەکانی شەنگال لە عەفرین و باشووری کوردستان و تیکۆشانیان گفتوگۆ کرا.

ستی ڕۆز

 

شەنگال- کۆمەڵگەی ئێزدی لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ بەو فەرمانانەی کە تێیپەڕاندووە ناسراوە، ئەو باوەڕەی کە ڕووبەڕووی جینۆسایدو چەندین هێرش بووەتەوە، سەرەڕای هەموو جۆرە هێرشێک پارێزراوە، کۆمەڵگای ئێزیدی بەتایبەتی ژنان دوای جینۆسایدی ٧٤هەم خۆیان ڕێکخست بە بونیادنانی سیستمی خۆبەڕێوەبەری و دیموکراتیکی شەنگال و توانیان بڵێن نەخێر بۆ جینۆسایدە خۆیان بپارێزن، کۆمەڵگەی ئێزدی لە شەنگال و عەفرین جەخت لە ئازادی خۆی دەکاتەوە، پێنجەمین کۆنگرەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال دژی هێرشەکان بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێزدی سەرکەوتنی خەباتی ئازادییە.

 

"دەوڵەتە هەژموونییەکان بە ڕێگەی داعش دەیانویست هێرش بکەنە سەر کولتوور و باوەڕەکان"

چیچەک یڵدز، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئێزیدییەکانی ئەوروپا ئاماژەی بەوەکرد دوایین فەرمان بەڕێگەی داعش بۆ سەر ئێزیدییەکان جێبەجێکراوە و تا ئەمڕۆش ئێزیدییەکان لە هەموو شوێنێک هێرشیان دەکرێتەسەرو وتی: با باش بزانرێت کە ڕۆڵی ژنان لە باوەڕی ئێزیدیدا هەمیشە زۆر گرنگ بووە، بەڵام بە دەستی ستەمکاران، ڕۆڵی پێشەنگایەتی ئێزیدی لە دەستی ژنان وەرگیراوە و بە تەنها جێهێڵدراوە، ژنان هەمیشە لە دژی ئەمە خەباتیان کردووە، سیتیا زین نموونەیەکە بۆ ئەمە، داعش لەسەر لەناوبردنی کەمایەتییەکان و باوەڕەکان دامەزراو لەڕێگەی داعشەوە دەیانویست هێرش بکەنە سەر کولتوور و باوەڕی ئێزدییەکان.

 

"هێرشەکانی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەبینن، بەڵام ئەوانەی عەفرین نابینن"

چیچەک یڵدز ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە دیارترین هێرشەکانی ڕۆژانە لە عەفرین بەردەوامن و وتی: دەبینین کە عەفرین وێرانکرا دوای ئەوەی چەتەکانی دەوڵەتی تورک داگیریان کردو شوێنە مێژووییەکانی ئێزیدی وێرانکران، خێزانەکان بە بەدیل گیران و ژنان ڕفێندران، بەڵام جیهان ئەمە نابینێت، ئەوان هێرشەکانی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەبینن، بەڵام هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان نابینن، داگیرکردنی عەفرین و کردەوە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورک٥  ساڵە لەوێ و لە ناوچە داگیرکراوەکان بەردەوامە ئەمە سیاسەتی ئەو هێرشانەش نیشان دەدات.

 

"وڵاتانی ئەوروپا لەبەرامبەر هێرشەکانی سەر ژنانی ئێزدیی چاویان دەگرن"

چیچەک یڵدز ئاماژەی بەوەشکرد وڵاتانی ئەوروپا بەرامبەر هێرشەکانی سەر ژنانی ئێزدی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوێرن و وتی: کۆمەڵگەی ئێزدی دژی ئەو سیاسەتەیە کە دەیەوێت ژنانی ڕزگارکراو لە دەست داعش بۆ هەموو جیهان بڵاو بکاتەوە، بە پڕۆژەی جۆراوجۆر دەیانەوێت کۆمەڵگەی ئێزیدی بڵاو بکەنەوەو لە خاکەکەیانی جیابکەنەوە، بۆ نموونە، ژنانی ئێزیدی ئەوە نیشان دەدەن کە دوای فەرمانەکە چییان بەسەر هات، ژنانی ئێزدی ئەزموونی تراومای فەرمانەکەیان کردووە و بۆ ئەوەی لەو دۆخە ڕزگاریان بکەن، دەبێت لە ناوچە پارێزراوەکان چارەسەر بکرێن، با تێبکۆشن بۆ ئەوەی لەبیری بکەن کە داعش چی کردووە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگارکران و گواستراونەتەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئەم دۆخە تەنها بۆ ژنان نییەو ئێزدییەکان بەگشتی بەشدارن و ئەم سیاسەتە بە شێوەیەکی گشتی لە دژی ئێزیدییەکان پەرەی سەند.

 

"هەر هێزێک بیەوێت لە شەنگال نزیک ببێتەوە دەبێت دان بە خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکدا بنێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا چیچەک یڵدز وتی: زۆرێک لە وڵاتان پشتیوانییان لە پەرەپێدانی داعش کردووە بۆ فرۆشتنی چەکەکانیان، لە پشتی پەردەوە ئەم سیاسەتە بەڕێوەچوو، بەڵام لەبەردەم پەردەکەدا کۆمەڵکوژییەکە دانی پێدانرا، زۆرێک لەو وڵاتانەی کە دەڵێن ئەمە جینۆسایدە خۆیان ڕۆڵیان هەبووە لە بونیاتنانی داعش و پشتیوانییان لێکردووە، ئەوانەی ئەم تاوانەیان ئەنجامداوە دەبێت دادگایی بکرێن، تا ئەو کاتەی دادگاییەکە ئەنجام دەدرێت، ئەستەمە ئەم کۆمەڵگەیە قایل بکرێت، هەروەها پێویستە خواستی کۆمەڵگەی ئێزدی بناسرێت و تا خواستی ئێزیدییەکان نەدۆزرێنەوە، برینەکانی شەنگال ساڕێژ نابن، ئەوانەی کۆمەڵکوژی دەکەن ناتوانن ببنە نوێنەری ئێزدییەکان، سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شەنگال دەتوانێت نوێنەرایەتی هەموو ئێزدییەکان بکات، هەر هێزێک بیەوێت لە شەنگال نزیک ببێتەوە دەبێت دانی پێدا بنێت، هیچ رێگایەکی تر نییە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە.