باران و لافاو لە باشووری کوردستان زیانی گەورەی لێکەوتەوە

بەهۆی باران و تەرزە و دروستبوونی لافاوەوە زیانی گەورە بە چەندین ماڵ و ڕێگاوبان و بەنداوەکانی باشووری کوردستان کەوتووە و ڕێگای هەولێر-دهۆک داخراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی دوو ڕۆژە بارانی بەخوڕ و تەرزە ناوچەکانی باشووری کوردستانی گرتووەتەوە، شەوی ڕابردوو لافاو لە شار و شارۆچکەکان هەستا، بە سەدان ماڵ بەهۆی چوونە ژوورەوەی لافاو بۆ ناوماڵەکانیان مەترسی لەسەر ژیانیان دروستبوو، هەروەها چەندین سەیرانگەو پردو ڕێگەوبان زیانیان بەرکەوت و وێران بوون.

 

لە شارۆچکەی خەباتی سنوری پاریزگای هەولێر بەهۆی ڕەشەباوە سەقفی ماڵێک ڕووخاو دوو منداڵ برینداربوون، ٢٠٠ کەپر و دووکانی هەردوو سەیرانگەی گەلی زەنتا و سیپە لە دهۆک زیانیان بەرکەوتووە، لە ڕووباری قەسرۆکی ئاکرێ پردێک تێکچووە کە بەهۆیەوە ڕێگەی نزیکەی شەش گوند گیراوە، لە سنووری بەردەڕەش نزیکەی ١٠٠ ماڵ زیانیان بەرکەوتووە و ٢٠ ستوونی کارەبا کەوتوون، لە سنووری شێخانیش ئاو چووەتە نێو نزیکەی ٣٠  ماڵ، لە هەولێرو سلێمانیش زیاتر لە ١٠٠ ماڵ لافاو چووە ناویان و زیانی ماددی لێکەوتەوە.

 

هەروەها بەهۆی تەقینی ئەو بەنداوەی قەزای خەباتی لە زێی گەورە جیادەکردەوە، ڕێگای هەولێر بۆ دهۆک داخراوە و هاوڵاتیانی ئەو دەوروبەرە ماڵەکانیان چۆڵ دەکەن، ئەمەش جگە کە دروستبوونی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان.