بۆ ئازادی، عێراق لە ڕیزبەندی ٩یەم و سوریا لە کۆتایی ڕیزبەندی وڵاتە عەرەبییەکاندایە
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی "فریدەم هاوس" لەناو وڵاتانی عەرەبی، تونس خاوەنی زۆرترین ئازادییە و عێراقیش لە پلەی ٩یەمدایە، هەروەها سوریا لە کۆتایی ڕیزبەندییەکەدای.
ناوەندی هەواڵ
لە ڕاپۆرتێکدا كە بۆ ئازادی لە جیهاندا بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بڵاوكراوەتەوە، هەڵسەنگاندنی وڵاتان بەپێی ئازادییە سیاسیەكان و ئازادییە مەدەنییەكان لە ٢١٠ وڵات كراوە، بەبێ لەبەرچاو گرتنی شوێنی جوگرافی، ڕەگەزی، ئایینی و گەشەی ئابوریی ئەو تایبەتمەندییانە بەسەر هەموواندا جێبەجێ كراوە.
ئاماژە بەوەکراوە لە ڕاپۆرتەکەدا بۆ ئازادییەكان تەنها ئەدای حكومەتەكان وەرنەگیراوە، بەڵکو سەرجەم لایەنە حكومی و ناحكومی و گروپە چەكداری و یاخییەكانیش لەبەرچاو گیراون.
بەپێی ڕیزبەندییەكە، لەناو وڵاتانی عەرەبیدا كە ٢٩ وڵات وەرگیراون، تونس خاوەنی زۆرترین ئازادییە و ٥٣ خاڵی وەرگرتووە، هەروەها عێراق لە پلەی ٩یەمدا هاتووە و سوریا لە كۆتایی ڕیزبەندییەكە و كەمترین ئازادی تێدایە.