شەوی ڕابردوو ڕۆژنامەنووس سۆما خالید دەستگیرکرا

لە سلێمانی، لەسەر سکاڵای نەخۆشخانەی شار، سۆما خالیدی ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراوە.

سلێمانی

 

شەوی رابردوو بنەماڵەی ڕۆژنامەنووس سۆما خالید، کە پەیامنیری کەناڵی "کەی ئێن ئێن"ە، لەڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە بڵاویانکردەوە، سۆما خالید لەسەر سکاڵایەکی نەخۆشخانەی شار لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەوە پێنج ڕۆژ ڕاگیراوە.

 

ڕۆژی ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، سۆما خالید لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، ڕەخنەی لە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی گرتووە، بەو هۆیەوە دوێنێ ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بانگی بەردەم دادوەر کراوە، بە تۆمەتی ئەوەی ناحەقی بەرامبەر کەرتی تەندروستی سلێمانی و وەزارەتی تەندروستی کردووە، دادوەر وتەی لێوەرگرتووە.

 

بەپێی زانیارییەکان، دادوەر بڕیاریداوە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دەستبەسەربێت، لەو کاتەدا سۆما خالید خۆی ناساندووە کە ئەو ڕۆژنامەنوسە، بەڵام دادوەر ٢٤ کاتژمێرەکەی زیاد کردووە و کردوویەتی بە پێنج ڕۆژ.

 

دەستگیرکردنی سۆما خالید کاردانەوەی فراوانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بەدوای خۆیدا هێناوە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەکەن و ئاماژە بەوەدەکەن، کە ئازادی ڕۆژنامەنووسی ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان بەرتەسک دەکرێتەوە.