لە هەرێمی کوردستان حزب و دەسەڵات بڕیاری درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان دەدەن

ڕێکخراوی ڕووناکی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە خستیانەڕوو، دواخستنی هەڵبژاردنەکان پێشێلکردنی دەستوورە و داوایان کرد پەرلەمان ڕێگە بە درێژکردنەوەی خولەکە نەدات.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە هۆتێل ڕامادای شاری سلێمانی ڕێکخراوی ڕووناکی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕاپۆرتێکی لە بارەی دواخستی خولی پەرلەمانی کوردستان و داتاکانی خستەڕوو.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بە پێی بڕگە و یاسا بەرکارەکانی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان دەبوو ئەمڕۆ ١ی تشرینی یەکەم، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچووایە، بەڵام بە بڕیاری سەرۆکی هەرێم بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان دوابخرێت.

 

لە پای دواخستنی هەڵبژاردنەکان بە کرداری، لەکاتێکدا بووەتە خویەکی پەرلەمان و هەمان هەڵوێستیان لە ساڵی ٢٠١٨ ڕاگەیاند، بەڵام تەنها دەنگۆیەک بوو، ئەم خولە دەنگۆکان بوونە کرداری و هەڵبژاردنەکان دواخران، ڕێکخراوی ڕووناکی کۆنگرەیان ئەنجامدا و تیایدا ئاماژەیان بەوەکرد، پرسی درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان بووەتە نەریتێکی خراپ کە هێزە دەسەڵاتدارەکان پیادەی دەکەن، هەڵبژاردنەکان ڕاستەخۆ پەیوەندی بە دەنگی گەلەوە هەیە نەک حیزب و کۆمەڵێک بڕیاری لەسەر بدەن.

 

لە کۆنگرەکەدا ڕاپۆرتێکی بە داتا خرایەڕوو، هەڵشۆ عەبدول فەتاح، ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاند: لە ماوەی چوار خولی ڕابردوودا حەوت جار ماوەی خولی پەرلەمان درێژکراوەتەوە، کۆی گشتی ڕۆژەکانی ماوەی درێژکراوەکە چوار هەزار و ١٠٣ ڕۆژ بووە، بەم شێوەیە بووە، خولی یەکەم سێ هەزار و ٥٩٥ ڕۆژ بووە، لە ماوەی درێژکردنەوەی پەرلەمان ١٤١ یاسا دەرکراوە و کاریان پێکراوە ئەمەش بۆخۆی گوومان دەخرێتە سەر تەواوی یاساکان کە لەماوەی درێژکردنەوەکەدا بڕیاری دەرکردنیان بۆکراوە.

 

پێویستە هەمووان بزانن درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان، پێچەوانی دەستووری عێراق و یاسای هەڵبژاردنی پەلەمانی کوردستانە هەروەها دژی مافی دەنگدەر و پێشێلکردنی پەیماننامە و ڕێکەوتننامەی تایبەت بە مافی مرۆڤە، کە تیایدا چوار ساڵی دیاری کردووە، ئێستا بێ بنەما و یاسایەک خولەکە درێژ دەکەنەوە، ئەمەش تەنها بە واژۆی تەنها ٦٠ پەرلەمانتار دەنگیانداوە بۆ درێژ کردنەوەی خولی پەرلەمانی کوردستان.

 

لە درێژەی ڕاپۆرتەکە کۆمەڵێک ڕاسپاردە و دەرەنجامیان خستەڕوو، پرسی درێژکردنەوەی هەڵبژاردنەکان پێشێلکردنی مافی دەنگدەرە، بە پێویستی دەزانن پەرلەمانی کوردستان پابەند بێت بە دەقی دەستووری عێراقی، داوا دەکەن یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان  دەربکرێت، یاخود هەمووارکردنەوەی یاساکە ئەنجام بدرێت، بە جۆرێک بتوانێت ڕێگری بکات لەوەی هیچ دەسەڵاتێک نەتوانێت ماوەی کارکردنی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان درێژبکاتەوە.

 

لە کۆتایدا داوایان کرد، پەرلەمانی کوردستان، یاسای درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند نەکات، چارسەری بنەڕەتی بدۆزنەوە بۆ ئەوەی گەل بگەڕێتەوە سەر سنوقی دەنگدان.