١١ ڕۆژە خۆپیشاندانەکانی ئێران بەردەوامە؛ ٧٦ کەس گیانیان لەدەستداوە
ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەشەنە دەسەنێت و بۆ داواکاری ڕووخانی ڕژێم سەری کێشاوە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان و خوێندکاران دەستیپێکردووە و ماوەی ١١ ڕۆژە گەلی کورد و گەلانی ئێران لەسەر شەقامن.
ناوەندی هەواڵ
ناڕەزایەتی بەرفراوان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای هەڕەشە و گرتن و کوشتن و سەرکوتی توندی خۆپیشاندەران لە ١١یەمین ڕۆژیدا بەردەوامە، لە هەمانکاتدا مامۆستایان، خوێندکاران، پزیشکان و سەندیکاکانی تر بە مانگرتنە سەرتاسەرییەکانیان بناغەکانی حکومەتیان هەژاند.
هاوکات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا بە سووتاندنی ئاڵای ڕژێمی ئیسلامی، ئاڵای خامنەیی و خومەینی، ئاگر بەردانە ماڵی خیانەتکاران و ماڵ و شوێنی پەیوەندیدار بە سپای پاسداران و بە وتنەوەی دروشمی "کوردستان ناوی بەرزە دوژمن دەخاتە لەرزە، مەرگ بۆ خامنەیی، مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی، شەهید نامرن، ژن ژیان ئازادی"، جارێکی دیکە توڕەیی و بێزاری خۆیان لە داگیرکاری و دەستدرێژییەکانی ڕژێمی ئیسلامی و توندوتیژیی سیستماتیکی دژ بە ژنان دەربڕی.
هێزەکانی پاسەوانی تایبەت و سوپای پاسداران و بەسیج بە چەکی ئاگرین و گازی فرمێسکڕێژ و باتوم هێرش دەکەنەسەر خۆپیشاندەران و ژمارەیەکی زۆریان بریندارکرد و کوشت، هاوکات هێزی سەرکوتکەری سوپا لە ناوچە جیاجیاکان جێگیرکراون، بەڵام چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی جارێکی دیکە بانگەوازێکیان بۆ بەردەوامی خۆپیشاندانەکان دا و داوای بەشداری و خۆڕاگری زیاتری خۆپیشاندەرانیان کرد لە سەرتاسەری کوردستاندا و ئێران تا کۆتایی ڕووخاندنی ڕژێمی پاوانخوازی ئیسلامی.
ڕژێمی ئێران هێرشدەکاتە سەر ماڵ بە ماڵ
سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، لە خۆپیشاندانەکانی شەوی ڕابردوودا، سەرەڕای گەڕانی ماڵ بە ماڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکان، فڕێدانی گازی فرمێسکڕێژ لە حەوشەی ماڵەکان، فڕینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕژیمی ئیسلامی بەسەر شارەکاندا و دووبارە تەقەکردن لەلایەن سپای تایبەت و سوپای پاسداران، خۆپیشاندەران بێدەنگ نەبوون و بە گردبوونەوەیەکی فراوانتر، داوای ڕووخاندنی ڕژێمی ئیسلامییان کرد.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویکردەوە ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران تا ئەمڕۆ گەیشتووەتە لانیکەم ٧٦ کەس و زۆربەی کوژراوەکان لەژێر فشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا شەوانە بەخاک دەسپێردرێن و بنەماڵەکانیان لەژێر فشاردان بۆ ئەوەی پرسە ئەنجامنەدەن.
هەروەها ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوەشدەکات نەبوون و پچڕانی ئینتەرنێت تا ئێستا ڕێگرە لە بەردەم لێکۆڵینەوە لە ژمارەی کوژراوەکان و دەشڵێت: زۆرێک لە خێزانەکان هەڕەشەیان لێکراوە بۆ ئەوەی زانیاری بڵاو نەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی زۆری چالاکوانان و خۆپیشاندەران دەستگیرکراون و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هۆشداری دەدات لە ئەگەری ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ دەستبەسەرکراوەکان بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ و ڤیدیۆیی.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکە لەناو ئەو ٧٦ کوژراوەدا لانیکەم شەش ژن و چوار منداڵ هەیە.
ئەو کوشتنانەی تا ئێستا تۆمار کراون؛
مازەندەران ٢٥ کەس
گیلان ١٠ کەس
ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ١٠ کەس
کرماشان ٦ کەس
سنە ٦ کەس
بۆرز ٤ کەس
تاران ٣ کەس
کوهگیلویە و بۆیار ئەحمەد ٢ کەس
ئەسفەهان ٢ کەس
خوراسانی ڕەزەوی ٢ کەس
زەنجان ٢ کەس
ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات ١ کەس
سمنان ١ کەس
قەزوین ١ کەس و ئیلام ١ کەس.