ژنانی گەنجی شەنگال: هەتا کۆتایی شەنگال لە خیانەتکاران دەپارێزین
ژنانی گەنجی ئێزدی کە بەشداری کۆبوونەوەکەی گەنجان بوون، ئاماژەیان بەوەدا ڕێگە نادەن ئەو دەستکەوتانەی لە شەنگال بەدەستهاتوون لەناوببرێن و بۆ خۆبەڕێوەبەریی شەنگال تێکۆشان دەکەن.
شەنگال
لە دوای ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی دووەم لە نێوان عێراق، تورکیا و پەدەکە، بەردەوام هێرش دەکرێتە سەر شەنگال، لە بەرامبەردا شەنگالییەکان بە بەرخۆدانی و وەستانەوە دژی پلانگێڕییەکان، دەستکەوتەکانیان دەپارێزن و تێکۆشانێکی بێوچان بەڕێوەدەبەن.
بە ئامانجی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای شەنگال، دوێنێ کۆبوونەوەیەک بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزدی و یەکێتی گەنجانی ئێزدی ئەنجامدرا، ژنانی گەنجی بەشداربووی کۆبوونەوە ئاماژەیان بەوەدا کە بە بەرزکردنەوەی تێکۆشان و بەرخۆدان دەبنە وەڵامی پیلانگێڕییەکان.
"ئێمەی گەنجان ڕێگە بە داگیرکەران نادەین"
سارا بۆتان، وتەبێژی یەکێتی گەنجانی ئێزدی باسی لە کۆبوونەوەکە کرد و وتی بەرامبەر ئەو هێرشانە بەرخۆدان دەکەین، "لە کۆبوونەوەکەدا تیشکمان خستەسەر ئەو هێرشانەی لە ئێستادا دەکرێت، وەک گەنجان ئەرکی ئێمەیە لە کاتێکی ئاوادا ڕۆڵی خۆمان بگێرین، لەم ڕۆژانەی دواییدا سوپای حکومەتی کازمی فشارێکی گەورە دەخاتە سەر ئێمە بەتایبەتی گەنجان، ئێمەش وەک گەنجانی ئێزدی ئامادەین بچینە چیا ئازادەکان و تێکۆشان بکەین و ڕێگری لە داگیرکاری و هێرشە چەپەڵەکان دەکەین، بەڵین دەدەین هەتا کۆتایی گەل و شەنگال لە خیانەتکاران بپارێزین، پەدەکە و حکومەتی کازمی بۆ ئهوهی شەنگال چۆڵ بکەن هەموو شتێک دەکەن، بۆیە ئێمەش لە دژی ئەو هێرشانە بەردەوامین لە تێکۆشان".
"ئێمە پشتیوانی لە گەریلا دەکەین"
ئیناس شەنگالی، یەکێکە لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، ئاماژەی بەوەدا پلانی داگیرکاران پوچەڵ دەکەنەوە و وتی: "ئێمە وەک گەنجانی شەنگال هەموو شتێک دەکەین تا پیلانەکانی سەر شەنگال پوچەڵ بکەینەوە، ئامادەین بۆ پشتیوانیکردن لە گەریلا بەرەو چیا ئازادەکان بڕۆین، چونکە گەریلاکان ئێمەیان لە فەرمان ڕزگار کرد و ئەمڕۆ بۆ هەموومان شەڕ دەکەن، ئێمەش ئامادەین لەگەڵ گەریلاکاندا لە دژی داگیرکەران شەڕ بکەین و پشتیوانی گەریلا بین".