هەولێر، هەڕەشەی بەردەوامی پیاوێک بووە هۆی خۆکوشتنی ژنێکی گەنج
لە شاری هەولێر تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە بەردەوام هەڕەشەی لە ژنێکی گەنجی خوێندکاری پەیمانگا کردووە و بووە پاڵنەری خۆکوشتنی ژنە گەنجەکە.
ناوەندی هەواڵ
هۆگر عەزی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئەمڕۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند کە بووەتە پاڵنەری خۆکوشتنی ژنێکی گەنج، چونکە بەردەوام هەڕەشەی لێکردووە.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا ئاشکرا کرا کە دوای ئەوەی لە ١٩ی نیسانی ٢٠٢٢دا ژنێکی گەنج بە ناوی "ئاریان محەمەد" لە شاری هەولێر، خوێندکاری پەیمانگای پۆلەتەکنیک لە بەشی کتیبخانە و زانیاریی، ونبوو، خێزانەکەی داوای یاسییان تۆمارکرد، لە ٢١ی نیساندا تەرمەکەی دۆزرایەوە کە لە بینایەکی تەواونەکراودا لەسەر ڕێگای کەرکوک، خۆی هەڵدابووە خوارەوە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، وتی: بەدواداچوونی چڕمان کرد، زانیارییمان لە باوکی وەرگرت، کەس هەبووە بووەتە پاڵنەرێک بۆ ئەو کردە خۆکوژییە، لە شوێنی خویندن زانیارییمان وەرگرت، کەسێک بەردەوام هەڕەشەی لێکردووە، لەڕێگای فەیسبووکەکەیەوە زانیمان ئەو کەسە کێیە کە هەڕەشەی کردووە و دەستگیرمان کرد.
پۆلیس ئەوەشی ئاشکراکردووە کە تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بەردەوام هەڕەشەی لە ژنە گەنجەکە کردووە، دوای دەستگرتن بەسەر مۆبایلی تۆمەتبارەکەشدا دەرکەوت، چەندین ژنی دیکە لەژێر هەڕەشەی ئەو تۆمەتبارەدا بوون.
حاڵەتەکانی کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان تا دێت ڕوو لە زیادبوونە، بەشێک لە حاڵەتەکانی خۆکوشتنی ژنان بەهۆی پاڵنەری کۆمەڵگە و خراپی ژیان و توندوتیژی و هەڕەشەی بەردەوامە لەسەر ژنان.