فێستیڤاڵی نوژیان دەنگی ژنان یەکدەخات

فێستیڤاڵی نوژیان کە ژنانی سەرانسەری جیهان لە ڕێگەی سینەماوە کۆکردەوە و هەلێکی گەورەی بۆ ژنان دروستکرد، دەریخست ئەو ڕاستییەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە هەموو جیهاندا وەک یەکە.

بێریڤان ئینتاجی

 

قامیشلۆ-فێستیڤاڵی فیلمی ژنانی نوژیان لە شاری قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەچوو، کە تێیدا ٤٠ فیلمی ژنان لە سەرانسەری کوردستان، ئێران، ئەفغانستان، وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکای لاتین، و وڵاتانی عەرەبی نمایشکرا.

 

لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی فیلمی ژنانی نوژیان کە لە ٢٥-٣١ی ئایار بەڕێوەدەچێت، کۆڕ و دانیشتنی گفتوگۆ لەسەر سینەما و سینەمای ژنان لەلایەن دەرهێنەرانی ژنەوە پێشکەشکرا. پێشانگایەکی وێنەیی بۆ یادی جیهان بیلگین، ڕۆژنامەنووس  بەڕێوەچوو، کە هاوکات لەگەڵ هاوکارەکەی ڕۆژنامەنووس نازم دەشتان لە هێرشێکی تورکیای داگیرکەرەوە شەهید بوون.

 

ئاڵەنگاری و دەستکەوتەکان لە فێستیڤاڵی نوژیان

لە فێستیڤاڵەکەدا ژنانی چەند وڵاتێک بەشدارییان کرد. چاوەڕوان دەکرا دەرهێنەرە ژنەکانی ڕۆژهەڵات و کوردستانیش بەشداری بکەن. بەڵام سەرەڕای وەرگرتنی مۆڵەتی تێپەڕین بە دەروازەی سنووری سیمالکا، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگری لێکردن.

 

فێستیڤاڵەکە ٧ ڕۆژەی خایاند کەشێکی تایبەتی بۆ قامیشلۆ هێنایە ئاراوە. بەرنامەی فێستیڤاڵەکە لە نیوەڕۆوە تا ئێوارە لە ناوەندی محەمەد شێخۆ بەردەوام بوو، ئێوارەش لە پارکی ئازادی شار بەردەوام بوو، کە کاری دەستی ژنان نمایشکران، لە حەوشەی پارکەکەدا دەفرۆشران.

 

سەیرکردنی فیلم لە دەرەوە لە پارکی ئازادی کەشێکی جیاوازی بۆ فێستیڤاڵەکە زیاد کرد، ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە لە هەموو تەمەنێکدا بوون، بەڵام بوونی کەسانی بەتەمەن بە تایبەتی سەرنجڕاکێش بوو.

 

فیلمەکان هەلێکیان بۆ زۆرێک لە ئامادەبووان ڕەخساند کە کەسوکاریان ببینن، بە تایبەت ئەوانەی لە پێناو ئازادیدا شەهید بوون. دایکێک بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی نمایشکردنی فیلمی " Suwariyên Şengalê " (شۆڕشگێڕانی شەنگال) بوو بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کوڕە شەهیدەکەی ببینێتەوە.

 

چیرۆکی ئاورورا و بەرخۆدانی هێزا

لە نێو ئەو فیلمە زۆرانەی کە نمایشکران، فیلمی"Aurora’s Sunrise" (خۆرهەڵاتنی ئاورۆرا) و "Hêza" (هێزا) کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر بینەر هەبوو. یەکەمیان لە دەرهێنانی ئینا سەهاکیان و بەرهەمێکی هاوبەشی نێوان ئەرمینیا و لیتوانیا و ئەڵمانیایە، چیرۆکی ڕاستەقینەی فیلمی خۆرهەڵاتنی ئاورۆرا نیشان دەدات، کە ژنێک لە جینۆسایدی ئەرمەنەکانی ساڵی ١٩١٥ ڕزگاری بووە، بەڵام خێزانەکەی لەدەستداوە، ناچار بووە بە کۆیلایەتی و بەرگەی کۆچی زۆرەملێ گرتووە. کاتێک فیلمەکە نمایشکرا، بینەران نەیانتوانی خۆیان لە فرمێسکەکانیان ڕابگرن.

 

فیلمێکی دیکە کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بینەران هەبوو، فیلمی دیکۆمێنتاریی "هێزا" بوو کە دەرهێنەر دێریا دەنیز بوو. فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکە بە ڕفاندنی هێزا، ژنێکی ئێزیدی لەلایەن داعشەوە، ئازارەکانی لە دیلدا، هەوڵی خۆکوشتنی دووبارەی و هەڵهاتنی دوای ساڵێک لە ڕفاندنەکەی دەستپێدەکات. گەڕایەوە بۆ شەنگال و پەیوەندی بە  یەژەشەوە کرد، بووە پێشەنگ. لە ساڵی ٢٠١٦ بەشداری لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی رەققە لە دەستی داعش کردووە. لە ساڵی ٢٠١٧ ئەو خێزانەی ناسی کە لە کاتی دیلێتیدا یارمەتیان دابوو. فیلمەکە تیشک دەخاتەسەر ئازار و بەرخۆدان و بەدواداچوون بۆ دادپەروەری هێزا و چیرۆکەکەی گرنگییەکی بەرچاوی پێدراوە.

 

دەنگی ژنانی چەند وڵاتێک کۆدەکاتەوە

هەروەها فیلمی "العنقاء" (فینیکس) لە نووسینی هێلین جیلیلک کە چیرۆکی سێ ژنی ئوردنی دەگێڕێتەوە،A picture to remeber "وێنەیەک بۆ بیرهێنانەوە" لە نووسینی ئۆلغا شێرنیخ و Sima’s Song "گۆرانی سیما" لە نووسینی ڕۆیا سادات کە چیرۆکی دوو ژنی ئەفغانی دەگێڕێتەوە، نمایشکران.

 

فێستیڤاڵی فیلمی ژنانی نوژیان بە بەشداری و ڕووداوە هەمەچەشنەکانی دەریخست کە ئەو ڕاستییەی ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەو ئازارانەی کە بەرگەی دەگرن هاوبەشن، سەرەڕای جیاوازی لە کولتوور و جوگرافیادا. لەم ڕوانگەیەوە، بە کۆکردنەوەی ژنان، فێستیڤاڵەکە وەک ناوەکەی، بووەتە هەوڵێک کە خەباتی ژنانی سەرانسەری جیهانیش کۆدەکاتەوە.

 

"دەمەوێت ئەم شوێنە باشتر بناسم"

سەبارەت بە بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکەدا، سیلڤیا دی مارکۆ، هاوسەرۆکی فێستیڤاڵی ئۆلهارێس دی مێدیترانیۆ لە پورتوگالەوە وتی: فێستیڤاڵی ئۆلهارێس دی مێدیتەرانیۆ کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمی ژنانە لە پورتوگال، ئێمە لە ساڵی ٢٠١٤ دەستمان پێکردووە، کارەکانم لەسەر ئامادەکردنی بەرنامەکان و هاوکاریکردن لە بەرهەمهێناندایە. تێبینییەکانی خۆی سەبارەت بە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێشکەشی کرد، "پێموایە هەفتەیەک بەس نییە بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتن لە دۆخی ئێرە. پێش ئەوەی بێم، کەمێک لەسەری خوێندمەوە و لێکۆڵینەوەم لە خەبات و مێژووی ئەم ناوچەیە کرد، چونکە دەزانم چیرۆکێکی دوور و درێژە. ئێستا کە لێرەم، هەست بە ئارەزووی ئەوە دەکەم کە تێبگەم و زیاتر بزانم. دڵخۆشم کە هەفتەیەکی دیکە لێرە بمێنمەوە دوای فێستیڤاڵەکە. دەمەوێت قسە لەگەڵ هاوڵاتیان بکەم و ناوچەکەم باشتر بناسم.

 

ئاماژەی بە کەشوهەوای فێستیڤاڵەکە کرد وتی: ئێستا هەموومان پێکەوەین لە فێستیڤاڵەکەدا، لێرەوە وزەیەکی زۆرم دەستدەکەوێت. زۆر ژن دەبینم کە ئارەزووی زۆر شت دەکەن. هەستێکی زۆر بەهێزە، دەبینم کەسانێک لێرە کارێکی گرنگ دەکەن، کارێک کە دەتوانێت شتێک لە جیهاندا بگۆڕێت. لە هەمان کاتدا ژیانی ئاسایی لە دەرەوەی فێستیڤاڵەکە دەبینم. دەمەوێت تێبگەم، چونکە دەزانم زۆر شتی گرنگ لە دەرەوەی فێستیڤاڵەکە ڕوودەدەن، پێموایە پێویستە زیاتر لەسەر ئەو شتانە بزانم.

 

"ئەو فیلمانەی هەڵبژێردراون سەرنجڕاکێشن"

سیلڤیا دی مارکۆ وتی: ئەم فێستیڤاڵە زۆر گرنگە، لە هەمان کاتدا ئەو فیلمانەی هەڵدەبژێردرێن زۆر سەرنجڕاکێشن، هەندێک لە فیلمەکانیش بەهێزن، هەندێکجار پێموایە حەز دەکەم فیلمێکی سادە ببینم، چونکە ژیان خۆی قورسە، بەڵام دواتر تێدەگەم بۆچی ئەم فیلمانە لە فێستیڤاڵەکەماندا نمایش دەکرێن. ئێمە دەزانین کە زۆر گرنگن، هەر بۆیەش وتم هەڵبژاردنی فیلمەکان زۆر سەرنجڕاکێشە، جگە لەوەش حەز دەکەم بڵێم کە ئێمە هاوکاریمان کردووە هەر بۆیە زۆر شانازی دەکەم کە فێستیڤاڵەکەمان و فێستیڤاڵەکە لێرە پشتگیری یەکتر دەکەن.

 

هەروەها سیلڤیا دی مارکۆ تیشکی خستە سەر بەشداری ژنانی گەنج لە فێستیڤاڵەکەدا. "زۆر بە گرنگ دەزانم کە زۆرێکیان بەشداری فێستیڤاڵەکە بکەن، جا چ بە نمایشکردنی فیلم یان وێنەگرتنی کارەکانیان. هەروەها چەندین سیمینارمان پێشکەش کرد، ئەمەش بەڕاستی وا دەکات هەست بکەم کە پێشکەوتن بەدەست دەهێنین و داهاتوومان جیاواز دەبێت. من باوەڕم وایە کە سینەما وەک ئامرازێکی پەیوەندی و گۆڕانکاری زۆر گرنگە، چونکە ئەو چیرۆکەی دەیگێڕینەوە و چۆن دەیگێڕینەوە زۆر گرنگە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە.

 

"سینەما هێزی ئەوەی هەیە ژنان کۆبکاتەوە"

سەبارەت بەو شتانەی لە سینەما بەدەستی هێناوە، سیلڤیا دی مارکۆ وتی: من چیرۆک فێربووم کە سەرنجی زۆر گروپ ڕادەکێشن، قسەیان لەگەڵ دەکەن، فێربووم و ئاشنا بووم بەو مێژووەی کە ئەو کەسانەی سەردەکەون نووسیویانە. ئێستا کاتی ئەوەیە کەسانێک کە هەرگیز دەنگیان نەبووە دەنگەکانیان وەربگرنەوە، سینەمای خۆیان دروست بکەن، زۆر گرنگە ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆمان نیشان بدەین. ئەمە چیرۆکی ئێمەیە و ئەو داهاتووەی کە دروستی دەکەین. ئەم سینەمایە ڕاگەیاندنێکی زۆر کراوەیە بۆ پەیوەندیکردن، هەر بۆیەش زۆر گرنگ و بەهێزە. بە جۆرێک کاریگەری لەسەر هەستی مرۆڤەکان دەبێت، بەڵام زانیاریش دابین دەکات، چونکە لە هەموو فیلمێکدا چیرۆکێک هەیە. ئێمە باسی ئەوە دەکەین کە چی ڕوویداوە. دەتوانیت وەک ئەوەی ڕوویدا بیگێڕیتەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دەمەوێت سوپاسی بەڕێوبردنی فێستیڤاڵەکە بکەم کە بانگهێشتیان کردین. ئەوە شەرەفێکی گەورەیە بۆ من. هاتن بۆ ئێرە ئەزموونێکی جیاوازە. ئێمە زۆر کەسمان ناسیوە و ناسیوین.

 

"هەلێکی باش بوو بۆ ئێمە بۆ ئەوەی یەکتر بناسین"

ئیزابێلا بالینا، پسپۆڕی فۆتۆگرافی لە ئیتاڵیا وتی: هەلێکی باش بوو بۆ ئێمە بۆ ئەوەی یەکتر بناسین. گوێمان لە شۆڕشی ژنان بوو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بۆیە ویستم ئەم شوێنە بناسم، هاتم بە چاوی خۆم بیبینم و فیلمێکی دیکۆمێنتاریی لەسەر بەرهەم بهێنم، تا ئێستا هەلی ئەوەم بۆ نەڕەخساوە کە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی بناسم. هەمووان سەرقاڵی ئەم فێستیڤاڵە و سەیرکردنی فیلمن. ڕووداوێکی سەرنجڕاکێشە، بەتایبەت بۆ ئێمەی هاوڵاتیانی شارستانییەتی ڕۆژئاوا. هەلێکی زۆر باشە بۆ ئێمە کە بزانین چییە. هەر بۆیە دڵنیام کە ئەوەی ئێوە دەیکەن هەلێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگە، نەک تەنها بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڵکو بۆ هەموو جیهان.

 

سەبارەت بە هەوڵەکانی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئیزابێلا بالینا وتی: پێموایە ئەم فێستیڤاڵە یەکەمجارە بەڕێوەدەچێت، زۆر گرنگە چونکە دەبینین ئەم ژنە بەهێزانەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چی دەکەن، هەوڵێکی زۆر گەورە دەدەن له بواری سینەما و دەرهێنانی تەلەفزیۆنی، بەم هۆکارەوە هەلێکی گەورەیە بۆ هەموو جیهان، بینینی بارودۆخی ئێرە. له هەمان کاتدا ئەم شوێنە نوێنەرایەتی هەلێکه بۆ ژنان، ناسینی جیهان فێستیڤاڵەکە هەلێکی زۆر باش بوو، بەڵام هەمیشە هەلی پەرەپێدانی فێستیڤاڵەکان هەیە.لە کۆتاییدا تەنیا دەتوانم بڵێم، باشتان کرد.