عەفرین، ٧٨ ژن کوژراون و ٧٠ ژنی دیکە دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین ئاماری چوار ساڵی پێشێلکارییەکانی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیای بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی ئاوارەبوون، ٨ هەزار و ٦٣ کەس ڕفێندراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین ئاماری چوار ساڵی پێشێلکارییەکانی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیای لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بە پێشێلکارییەکان بەرامبەر دانیشتوانەکەی، گۆڕینی دیمۆگرافیا، ڕفاندن و کوشتن، شێواندنی شوێنەوار و سڕینەوەی ناوی کوردی کردووە.

 

عەفرین لە دوای ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانی گەل و شەڕڤانان، لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨دا لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە داگیرکرا، لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنی ئاوارەبوون، بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیاکەشێ لە ڕؤژئاوای کوردستان دابڕێندرا و نزیکەی ٤٠٠ هەزار هاوڵاتی لە سوریاوە هێنران.

 

٨ هەزار و ٦٣ کەس ڕفێندراون

چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا ٨ هەزار و ٦٣ هاوڵاتییان ڕفاندووە، کە چارەنووسی بەشێکیان نادیارە و بەشێكی دیکەیان بەرامبەر بڕێک پارە ئازادکراون، ٧٨ ژن کوژراوە، ٦ ژن ناچار بە خۆکوشتن کراون، ٧٠ ژنیش دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر.

 

لە عەفرین و دەوروبەری ٦٥٥ هاوڵاتی کوژراون، ٤٩٨ کەسیان بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارن و  ٩٠ کەسی دیکەیان لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون، نزیکەی ٧٠٠ کەس بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەوە برینداربوون، کە ٣٠٣یان منداڵ و ٢١٣یان ژن بوون.

 

ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لەژێر ناوی "چلە زەیتوون" بوو، بە ئامانجی وێران و تاڵانکردنی شارەکە، لە کاتی داگیرکردنی عەفریندا زیاتر لە ١٨ ملیۆن داری زەیتون هەبوون، بەڵام ٣٣٣ هەزار و ٩٠٠ داری زەیتون و دارەکانی دیکە بڕدرانەوە، زیاتر لە ١٢ هەزاری داری دیکەش سوتێنران.

 

ناوی شوێنە کوردییەکانیان وەک، گەڕەک و گۆرەپان و پارکەکانیان گۆڕیوە، ئاڵای تورکیایان لەسەر بەرزکردوونەتەوە و وێنەی ئەردۆغانیان پێوە هەڵواسیون، بەنمونە ناوی  گۆڕەپانی نەورۆز گۆڕدراوە بۆ سەلاحەدین و گۆڕەپانی نیشتیمان بۆ ١٨ی ئازار و گۆڕەپانی کاوەی ئاسنگەر بۆ چڵە زەیتوون، گۆڕەپانی ناوەندی شاریش کراوە بەناوی ئەردۆغانەوە، گوند و شارەدێکانێش ناوی عوسمانییان بۆ داناون.

 

ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢١

لە ساڵی ٢٠٢١دا بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین، ٥١ حاڵەتی کوشتن هەبووە، ١٤یان ژن و ١٣ی دیکەی منداڵ بووە، ٧١٨ کەس ڕفێندراون کە ٨٢یان ژن بوون، ١٧ حاڵەتی لەناوبردن و دزینی شوێنەواری مێژووی تۆمارکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی تورکیا دەستی لە بڕینەوەی دارەکان هەڵنەگرتووە، ٢٣ هەزار و ٥٠٠ دار بڕێندراونەتەوە.

 

لە ١٥ڕۆژی سەرەتای ئەمساڵیشدا ٢٥ حاڵەتی ڕفاندنی هاوڵاتی مەدەنی تۆمارکراوە.

 

ت.پ