بە پێشەنگایەکی دۆکیۆمێنتاری ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردی بەرز ڕاگیرا

لە ١٢٦ەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا پێشەنگایەکی دۆکیۆمێنتاری بۆ تابان گەرمیانی، ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار کرایەوە و پانێڵێک بە ناونیشانی "ئاسایشی کۆمەڵگە لە سایەی میدیای نوێدا" پێشکەش کرا.

سلێمانی

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی لە بەرزایەکانی سلێمانی لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ١٢٦ەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکاران پێشەنگایەکی دۆکیۆمێنتاری لە بارەی بزووتنەوەی ڕۆژنامەگەری ژنان لە باشووری کوردستان بۆ تابان گەرمیانی، ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار کرایەوە و پانێڵێک بە ناونیشانی "ئاسایشی کۆمەڵگە لە سایەی میدیای نوێدا" لەلایەن کاوە ڕەزا، پاڤێ جەمیل و پەیمان عیزەدینەوە پێشکەشکرا.

 

"ژنانیش لە کاروانی ڕۆژنامەگەریدا بەدەر نین و پشکی شێر بەر ژنان دەکەوێت"

تابان گەرمیانی، ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار، باس لە کردنەوەی پێشەنگاکە دەکات، کە تایبەتە بە بڵاوکراوەکانی ژنان دوای ڕاپەڕین تا ساڵی ٢٠١٢ و وتیشی: بڵاوکراوەکانی ئەم پێشەنگایە دەستکەوتی خۆمە لە ساڵەکانی ١٩٩٢ تا ساڵەکانی ٢٠١٢، ئەم بابەتانە لە چوارچێوەی کتێبێک دایە کە باس لە دەستکەوتەکانی ژنانی باشووری کوردستان دەکات و ژمارەی بڵاوکراوەکان لە ٦٠ بڵاوکراوەدا خۆی دەبینێتەوە، هەروەها ئامانج لە کردنەوەی ئەم پێشەنگایە ئەوەیە، بڵێم ژنانیش لە کاروانی ڕۆژنامەگەریدا بەدەر نین، راستە بە شێوە گشتیەکە بەرچاو نین، بەڵام کە ورد دەبینەوە پشکی شێریان بەردەکەوێت لە کایە ڕۆژنامەگەریەکەدا.

 

هەروەها وتیشی: ئامانجێکی دیکەم لەم بڵاوکراوانە ئەوەیە، کاتێک ورد دەبینەوە دەبینین بەشێکی زۆر لە هەواڵسازان و ڕۆژنامەنووسان دەستیان لە هەبوونی ڕۆژنامە کوردیەکاندا و خاوەن قەڵەمبوون و بوونیان هەبووە، هەروەها بەسەرکردنەوەی ژنان و دەرخستنی کێشەکانیان و دەست خستنەسەر برینەکانیانی ژنانە.

 

کەوسەر حەسەن، چالاکوانی ژنان، ئاماژەی بەوەدا، کە میدیا بێ کەموکوڕی نیە، بەڵام ئەو ژنانە جێگای دەستخۆشین کە جوان دەنووسن و لە بواری ڕۆژنامەگەریدا کار دەکەن، وتیشی: گەر ڕاگەیاندن نەبێت پەیامەکانمان ناگات، ڕاگەیاندن زۆر بەرفراوانە و ژنان لە هەموو بوارەکاندا پێشەنگن لە نووسین و ئاڕاستە کردندا، هەرچەنە ژنان هەمیشە باجدەری یەکەم بوون، ئەو ژنانەش کە دەیانەوێت بێنە دەرەوە بە چەندین ئاستەنگدا تێدەپەڕن، چەندین قوربانی دەدات تا دەگاتە ئەو شوێنەی مەبەستیەتی، لە پای ئەم هەوڵ و قوربانیانەشدا ژنان دەبێ ڕێزلێگیراو بن و گوێ لە ڕا و پێشنیارەکانیان بگیرێت.

 

لە کۆتاییدا وتی: ژنانی ڕۆژنامەوان دەبێت دەست بخەنە سەر خاڵە گرنگەکان، چونکە ڕۆژانە ژنان خەڵتانی خوێن دەکرێن و دەکوژرێن، بۆ ئەمەش ژنانی ڕۆژنامەوان دەبێت ئەو پرسانە بووروژێنن و هەموومان دەنگ و سەدامان یەک بێت.

 

بڕیارە چالاکییەکانی پەیمانگاکە لە هەفتەکانی دواتردا بەردەوامیان هەبێت و چەندین چالاکی بە ناوی "ڕۆژنامەگەری کاغەزی لە سەردەمی دیجیتاڵ میدیادا" و پانێڵ و وۆڕکشۆپ و خولی ڕاهینان بەڕێوەبچێت.