خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەڵەبجە بایکۆتی خوێندنیان ڕاگەیاند

خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەڵەبجە بایکۆتی خوێندنیان دەستپێکرد و داوا دەکەن هەرچی زووترە لایەنە پەیوەندیدارەکان وەڵامیان هەبێت.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ لە بەردەم سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە دەستەی نوێنەرایەتی خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بایکۆتی خوێندنیان ڕاگەیاند.

 

دەستەی نوێنەرانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئەوەیان خستەڕوو، بە هۆکاری خراپی بارودۆخی دارایی و دەست بەسەراگرتنی مووچە لەلایەن لایەنێکی سیاسی دیاریکراوەوە، خوێندکاران چ لە دەرەوەی شار و چ لەناو شار ناتوانن بێن بەردەوامی بە خوێندن بدەن و ئەمەش وایکردووە خوێندن پەکی بکەێت.

 

ئەوەشیان خستەڕوو کە هەر چەندە لە سنووری هەڵەبجە و سلێمانی و دەروازەی ڕاپەرین خوێندکاران داوای دەرماڵەیان کردووە و خۆپیشاندانیان کردووە، بەڵام لە ئێستادا زوڵمێکی گەورە لە خوێندکارانی سلێمانی و ڕاپەرین و هەڵەبجە دەکرێت، چونکە خوێندکارانی هەولێر و دهۆک دەرماڵەی ساڵی رابردووشیان وەرگرتووە، ڕاشیانگەیاند، کە بە گرنگی دەزانن هەرچی زووترە لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر خەت، تاوەکو پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دووبارە پەکی نەکەوێتەوە.

 

جێی ئاماژەیە زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە مووچەخۆران چاوەڕێی حکومەت دەکەن، تاوەکو مووچەیان پێبدات و لە شەش مانگی ڕابردووشدا تەنها یەک مووچە دراوە، لە ئێستادا سێکتەرەکانی تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزاری لە هەڵەبجە و سلێمانی و ڕاپەڕین و گەرمیان بایکۆتیان ڕاگەیاندووە.