ئەو حەوت ھۆکارە چییە کە واتلێدەکات سەرئێشەت ھەبێت؟

کاتێک کە تووشی سەرئێشەیەکی تووند دەبیت، ئەوەی گرنگە لات کە چۆن کۆتایی پێبھێنیت، ئەو ئازارەی و توندییەی لە سەرەتا ھەیە سیستمی ژیانت تێکدەدات و دواتدەخات لە ئیش و کار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانت .

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک هه‌ڤین که‌مال شا، پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و بەنج دەربارەی سەرئێشە لە هەژماری فەیسبوکی نووسیویەتی: ئەگەر تۆ ھەر جۆرە سەرئێشەیەکت ھەبێت، ئایا شەقیقە بێت، یاخود سەرئێشەی سترێس و دڵەڕاوکێ یاخود سەرئێشەی ھێشووی ..ھتد، دەتوانیت ڕێگری بکەیت لە دووبارەبوونەوەی، بەزانینی ھۆکارەکانی :

 

١- سترێس و دڵەڕاوکێ: سترێس دەبێتە ھۆی گرژبوون و ڕەقبوونی ماسولکەکانی شان ومل، دەبێتە ھۆی جۆرێک لەسەرئێشە کە پێدەوترێت (سەرئێشەی گرژبوون)، بەمانای ئەوەی کێشەکە لە ماسولکەکانەوە دەست پێدەکات و بەسەرئێشە کۆتایی دێت، ھەروەھا سترێس بەھەمان شێوە سەرئێشەی شەقیقەش زیاد دەکات.

 

٢- خواردن: برسێتی، سەرئێشەی گرژبوون و شەقیقە زیاد دەکات، بەڵام ھەندێک خواردنیش دوبارەبوونەوەی سەرئێشەی شەقیقە زیاد دەکات بۆ نمونە؛ ھەندێک کەس بە پاقلەمەنی و چەرەزاتەکان سەرئێشەکەیان زیاد دەکات، ھەندێک بەھەندێک خواردنی تری وەک؛ ئەڤۆکادۆ، مۆز، پەنیر، ترشی، شیرەمەنییەکان، شوکولاتە، پیاز، زۆربەی خواردنە ئامادەکراو و موعەلەب و فاست فودەکان ئەوانەی ڕێژەیەکی زۆر نیتراتیان تیادایە، ئازاری سەر زیاد دەکەن. 

 

٣- خواردنەوەی کھول: یەکێکە لەھۆکارەکانی تووشبوون بە شەقیقەو سەرئێشەی ھێشووی، زۆربەی کەس دوای خواردنەوەی شەرابی سوور تووشی سەر ئێشە دەبن، ھەتا ئێستا نەزاندراوە کە ئایا کھول خۆیی ھۆکاری سەرئێشەیە، یاخود پێکھاتەیەکی تری ناو خواردنەوە کھولییەکانە.

 

٤- ژینگە و سروشت: سەرئێشەی ھێشووی زیاتر لەھەندێک وەرزدا ڕوودەدات، زیاتر لەبەھار و پایزدا رێژەی زیاد دەکات، ئەوەی ڕوونە و زاناکان کۆکن لەسەری ئەوەیە؛ پێکھاتەیەک لە ژینگەی ئەو وەرزانەدا دەبێتە ھۆکار، بەڵام بە تەواوەتی چییە نازانن، ھۆکارە ژینگەییەکانی وەک؛ تیشکی ڕووناکی ڕاستەوخۆ، دوکەڵ، شێداری، بۆنی تیژ، کەشوھەوای سارد، پەیوەندیان ھەیە بە سەرئێشەی شەقیقەوە.

 

٥- ھۆرمۆنەکان: گۆڕان لە ڕێژەی ھۆرمۆنی "ئیسترۆجین"، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی ھەیە بەسەرئێشەی شەقیقەوە لە ژناندا، سووڕی مانگانە لە ژنە کگەنجەکاندا سەرئێشەی شەقیقە زیاد دەکات، ھەروەھا ھەندێک جار گۆڕان لەڕێژەی ئەم ھۆرمۆنە سەرئێشە زیاد دەکات، بەتایبەت لەوانەی وەکو چارەسەر بەکاریدەھێنن، لە زۆربەی ژناندا بەوەستانی سووڕی مانگانە ئازاری شەقیقەش کۆتایی دێت.

 

٦- لێچوونەوە لە کافایین: ئەگەر تۆ لەو کەسانە بیت کە کافایین بەڕێژەیەکی زۆر بەکاردەھێنن، ئەویش بەخواردنەوەی چا، قاوە، خواردنەوە گازییەکان بەڕێژەیەکی زۆر، ئەگەر لەناکاو بیبڕیت و بوەستیت لەبەکارھێنانی، سەرئێشەی شەقیقەکەت زیاد دەکات، کافایین بۆری خوێنەکان گرژدەکات، بەبێ کافایین بۆری خوێنەکان دەکشێن و دەئاوسێن، کەئەمیش یەکێکە لەھۆکارەکانی دروستبوونی سەرئێشەی شەقیقە.

 

٧- کەمخەویی: کەمخەویی ھۆکارێکە بۆ دروستبونی ئازاری سەر ئێشەی گرژبوون و ھەروەھا سەرئێشەی شەقیقە، ھەر بۆیە پشوودان و سەرخەوشکاندن زۆربەی جار دەبێتە ھۆی نەمانی سەرئێشەکە .

 

چارەسەر چییە؟

تێگەشتن لەھۆکاری دروستبوونی سەرئێشەکەت باشترین چارەسەرە بۆ ڕێگریگرتن لە دووبارەبونەوەی، ھەر بۆیە باشترە کە دەفتەرێکی یادەوەری دابنێت بۆ کاتی دروستبوونی ئازارەکەت و چیت خواردووە لەو ڕۆژەدا، چەندی خایاندووەو بەچی باش بوویت، بینوسیت، ئەگەر بەم ڕێگایە چارەسەر نەبوو، دەتوانیت ڕای پزیشکەکەت وەربگریت و ڕێگا گونجاوەکانت بۆ ھەڵبژێرێت، ئایە لە ڕێگای دەرمان بێت، یاخود دەرزی ئاژنین ، میدیتەیشن ، باێۆفیدباک تیکنیک، بۆتۆکس بەکاربھێنێت بۆت.