"یەکگرتوویی ژنان دەرگای چارەسەر بۆ هەموو کۆمەڵگە دەکاتەوە"
ڕووکەن ستار، ئەندامی پەیوەندییە دیموکراتییەکانی کۆنگرەی ستار، لە ساڵی ٢٠٢٢دا پەرەسەندن و خەباتی ژنانی هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند کە ئەم سەدەیە دەبێتە سەدەی ئازادی ژنان.
ڤیان ئامەد
قامیشلۆ - ٢٠٢٢ ساڵی تێکۆشان و بەرخۆدان بوو بۆ ژنان، ڕاپەڕینەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەنگی دایەوە، نموونەی ئەو ڕاستییەن کە سەدەی ٢١ دەبێتە سەدەی ئازادی ژن، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ژنان لەو ماوەیەدا لە بەرخۆدانێکی گەورەدا بوون بەرامبەر هێرشە داگیرکەرەکان، لە هەموو کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، لە مەیدانەکاندا بوون دژی چەمکی دەوڵەتی پیاو و کردەوەی دژی ژنان، بۆ ئەوەی ژنان یەکگرتوویی خۆیان پتەوتر بکەن، لە ساڵی ٢٠٢٢دا چەندین کۆنگرە و کۆنفرانس بەڕێوەچوو، کە تیایدا بانگەوازی یەکگرتوویی جیهانی ژنان دەکرا.
ڕوکەن ئەحمەد، ئەندامی پەیوەندییە دیموکراتییەکانی کۆنگرەی ستار ئاماژەی بەوەدا کە یەکڕیزی ژنان پێویستە لە بارودۆخی ئێستادا و تاکە ڕێگەی دەربازبوونە لە قەیرانەکان، وتیشی: ئەمساڵ ساڵێکی زۆر گرنگ بوو بۆ هەموو ژنان و پڕ لە خەبات و بەرخۆدان بوو، لە ماوەی ساڵێکدا قەیرانی زۆر دروستبوو، کە خەڵک دەستیکرد بە یاخیبوون لە دەوڵەتە نەتەوەییەکان، بێگومان ئەنجامی ساڵی ٢٠٢٢ ساڵی نوێی ٢٠٢٣ دیاری دەکات، لە ساڵی نوێدا ڕێککەوتنی لۆزان کە لە کوردستان واژۆ کرا، تەواو دەبێت، هەروەها هەڵبژاردن لە تورکیا ئەنجام دەدرێت، ئەم دوو بابەتە دەرگای ڕووداوی نوێ دەکەنەوە، ساڵی ٢٠٢٢ بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" مێژووی نوسیەوە و ئەمەش کاریگەری لەسەر ساڵی ٢٠٢٣ش دەبێت، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زۆرێک لە کۆنفرانسی ژنان بەڕێوەچوو، کە ژنان لە ٤٢ وڵاتەوە بەشدارییان تێدا کرد، گرنگییەکەی لە ئاستی ستراتیژیدا بوو، لە هەمان کاتدا کۆنفرانسی بەرلینی ژنانی جیهان بەڕێوەچوو، کە جارێکی دیکە یەکێتی ژنانی گەیاندە هەموو جیهان و فەرمانڕەواکان و دەسەڵاتداران.
"چارەسەری قەیران گەلێکی دیموکراتیکە"
ڕوکەن ئەحمەد ڕایگەیاند کە سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک دەتوانێت قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکات، باسی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و وتی: بە تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی، پرۆسەیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد، کە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بووە هەنگاوێکی گرنگ، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە کوردستان نەمایەوە و بووە دروشمێکی جیهانی، کە کاریگەری لەسەر هەموو ژنانی جیهان هەبوو، هەمووان دەزانن لە سیستەمی ئێراندا ستانداردێکی توند هەیە، بەڵام لە کەسایەتی ژینا ئەمینیدا، ئەمڕۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی دەوڵەت-پیاو دەجەنگن، ئەم ڕاپەڕینە بڕیار بوو سیستەمی ئێران بهەژێنێت، بەڵام دەوڵەتی ئێران لەبری ئەوەی چارەسەری پێشکەش بکات، کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانێک هەیە و یاخیبوونی خەڵک لە دژی ئەم قەیرانە ڕوودەدات، بۆیە چارەسەری ئەم قەیرانە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکە.
"خەڵک ئاڵای بەرخۆدان لە دژی داگیرکاری هەڵدەکەن"
ڕوکەن ئەحمەد خۆڕاگری و تێکۆشانی ڕۆڵەی کوردی دەربڕی کە ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هێرشێکی دەوڵەتی تورکیا بوونەتەوە و وتی: دەوڵەتی تورکیا ئەمساڵ هێرشی کردووەتە سەر ئەو ئازادیخوازانەی کە پارێزگاری لە بوونی گەلی کورد دەکەن، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا چەندین چەکی قەدەغەکراو و چەکی قورس و چەکی ئاستی ناتۆ بەکارهێنران، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ملکەچی ئەو هێرشە دڕندانەیە بوو، جگە لەوەش حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پشتیوانی دەوڵەتی تورکیای دەکرد، دوای ئەوە بۆ شاردنەوەی شکستەکانی هێرشی کردە سەر خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ژێرخانی ناوچەکەی کردە ئامانج، بەم هێرشەش ویستی خەڵک بە زۆر کۆچ بکەن، بەڵام جارێکی دیکە دەوڵەتی تورکیا بە دەستی خۆی نەگەیشتە ئامانج، کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی خاوەن پێوەر و ئەخلاقە، بۆیە لە نزیکەوە دوژمنی خۆی دەناسێت و تا کۆتایی ئاڵای بەرخۆدان بەرز دەکاتەوە.
"ئەم سەدەیە سەدەی ژنە"
ڕوکەن ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، کە رێبەر ئاپۆ لە هەموو کتێب و شیکاریەکانیدا ڕایگەیاندووە، ئەم سەدەیە سەدەی ئازادی ژنانە، لە ماوەی ئەمساڵدا دەرکەوت کە دەسەڵات دژی ئیرادە و بوونی ژنان نییە، ئەمڕۆ سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەتی نەتەوەیی قەیرانێکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، لەم سەدەیەدا پێویستە ژنان بتوانن یەکڕیزیی خۆیان بنیادبنێن و یەکسانی و دادپەروەری و ئازادی لە کۆمەڵگەکەیاندا بهێنن، هیوامان بۆ ساڵی نوێ ئەوەیە کە بۆ هەمیشە دەستکەوتەکانمان بپارێزین و ژیانێکی ئازاد و یەکسان بۆ هەموو کۆمەڵگە و ژنان دروست بکەین.