پێشانگای منداڵانی عەفرین لە شاری قامیشلۆ کرایەوە

منداڵانی عەفرین بە ئەو وێنانەی کە لە پێشانگایەکدا لە قامیشلۆ پیشانیان دا، باسیان لە تێکۆشان و بەرخۆدان کرد.

قامیشلۆ

 

لە ناوەندی محەمەد شێخۆ لە شاری قامیشلۆ و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن کۆمەڵەی عەفرینی کۆمەڵایەتی بە هاوکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات "مەسەدە" پێشانگایەکی فۆتۆگرافی منداڵانی عەفرین و شەهبا کرایەوە، منداڵانی عەفرین هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر عەفرین، بریندارەکان، پاکڕەوان، وێرانکردنی عەفرین، جلوبەرگی عەفرین، دار و زەیتونیان لە وێنەکانیاندا نیشاندا.

 

ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ هەرێمی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هێرشی کرایە سەر و ماوەی ٥٨ ڕۆژ لە بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێک بەرخۆدانی کرا، دوای ئەوەی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکرا، گەل ناچاربوو کۆچ بکات بۆ شەهبا و ماوەی ٥ ساڵە خەڵکی عەفرین بە بانگەوازیی تێکۆشان بەرخۆدانێکی شکۆدار دەکەن.

 

"هەستی ئازار لە تابلۆکاندا دەردەبڕێن"

سەبارەت بە پێشانگاکە، مونە براهیم، ئەندامی کۆمەڵەی کۆمەڵایەتی عەفرین، وتی: ماوەی سێ ڕۆژە پێشانگاکە کراوەتەوە لەم پێشانگایەدا نزیکەی ١٠٠ تابلۆ پێشکەشکراون کە ١٥ منداڵی عەفرین و شەهبا ئەم وێنانەیان کێشاوە، تابلۆکان ئێش و ئازار و کۆچ و کوشتنی منداڵان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر عەفرین هاوبەش دەکات، ئەم تابلۆیانە بە هەستی ئازارەوە کێشراون ئامانجمان لەم پێشانگایە یارمەتیدانی ئەو منداڵانەیە، لەم دواییانەدا خەڵک و منداڵان بە هۆی ئابڵۆقەی شەهبا و تەنانەت بەهۆی سەرماشەوە تووشی زەحمەتی زۆر بوون بۆیە ویستمان لەم پێشانگایەدا هاوکاریی کۆچبەرانی عەفرین بکەین، زۆر کەس سەردانی پێشانگاکەیان کرد و هاوکاریی خۆیان پێشکەشی منداڵانی عەفرین و شەهبا کرد، ئەم پێشانگایە کاری کردووەتە سەر هەمووان، کە بەهۆی ئەوەی کە ئەزموون کراوە، کێشراوە مرۆڤ دەتوانێت ڕۆمانێک بنووسێت لە سەیرکردنی هەر تابلۆیەک".

 

مونە براهیم تیشکی خستە سەر وێنەکێشانی منداڵانی عەفرین و شەهبا و وتی: "سروشتی منداڵان ئەوەیە کە لەم تەمەنانەدا بچنە قوتابخانە و خەیاڵی جیهانیان بکێشن، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ منداڵانی شەهبا و عەفرین شەڕ و کۆچ و خۆشەویستی بۆ خاک و زەیتون دەکێشن، سەرەڕای ئەوەش زۆرێک لە منداڵانی عەفرین لە شەهبا لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک گیانیان لە دەست دەدەن یان بەشێکی گیانیان لە دەست دەدەن، ئێمە دەمانویست تابلۆکانی منداڵانی کۆچبەر لە عەفرین لە پێشانگاکەدا پێشکەش بکەین و لە هەموو ڕوویەکەوە هاوکاریان بکەین، منداڵان نەیانتوانی بێنە ئێرە و تابلۆکانیان بناسێنن، چونکە هاتوچۆ لەژێر ئابڵۆقەدا سەختە، بۆیە ئەمڕۆ ئێمە تابلۆکانیان دەناسێنین، هەموو تاپۆیەک ئازارێکی شاراوەی تێدایە".

 

"گەل بە هیوای گەڕانەوە بۆ عەفرین دەژین"

مونە براهیم تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و سیاسەتەکانی گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکانی هەرێمی عەفرین و وتی: " دەوڵەتی تورک لە عەفرین هەموو شوێنە مێژووییەکان و شوێنە بەردەستەکانی لەناوبرد و بەو شێوەیە ویستی گۆڕانکاری دیمۆگرافی ئەنجام بدات، هەزاران کۆچبەری هێناوە و لە عەفرین نیشتەجێی کردوون، بۆیە ئامانجی ئەو تابلۆیانە پیشاندانی داگیرکارییەکانی تورکیایە بۆ هەموو جیهان، ئەمڕۆ دار زەیتوونەکان کە هەزاران ساڵە چێندراوە لە لایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە دەبڕدرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئازارێکی گەورە بۆ دڵی عەفرین، هیوا و ئاواتمان ئەوەیە کە ڕۆژێک عەفرین بگەڕێتەوە و گەلی بچنە ناو ماڵەکانیان، ئێمە هەموو جیهان بە بەرپرسیار دەزانین لە بینینی بارودۆخی کۆچبەران، تا ئێستا دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر شەهبا و دەوڵەتی تورک هەموو ڕۆژێک تۆپ هەڵدەدات و منداڵ دەکوژێت، بەڵام خەڵکی عەفرین بێهیوان نابن و ڕۆژێک دەچنەوە عەفرین، تا ئێستا خەڵکەکە لەسەرپێی خۆیانن و بەرخۆدان دەکەن".