کەرکوک، باس لە ڕۆڵی ژنان لە میدیادا کرا
لە سیمینارێکدا بۆ کۆمەڵێک لە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی شاری کەرکوک باس لە مێژووی ژنی کورد لە کاری میدیایدا کرا و نمونەی دەنیز فورات وەک نمونەی بوێری و چاونەترسی لە میدیادا هێنرایەوە.
ناوەندی هەواڵ
ئێوارەی دوێنێ لە کتێبخانەی باباگوڕگوڕ لە سەنتەری ڕۆشنبیری شاری کەرکوک، سیمینارێک بە ناونیشانی "ڕۆڵی ژنان لە میدیای کوردیدا لەلایەن عەزیزە وەلی، ڕاگەیاندنکار بۆ بەشێک لە چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیرانی شارەکە پێشکەشکرا.
لە سیمینارەکەدا عەزیزە وەلی، ڕاگەیاندنکار باسی لە مێژووی ژنی کورد لەناو کاری میدیایدا کرد و ئاماژەی بەوەدا لەناو کۆمەڵگەدا کۆمەڵێک بیروباوەڕی چەقبەستوو هەیە کە پێیانوایە ناکرێت ژن کاری ڕاگەیاندن بکات، بەڵام لەڕاستیدا ژنان زۆر بەتوانان لە تەواوی کایەکاندا و بەتایبەتیش لە کایەکی ڕاگەیاندندا.
لە مێژووی ژناندا عەزیرە وەلی باسی لە نەسرین مەحمود کرد کە یەکەمین ژنە پێشکەشکاری کوردە لە بەشی کوردی کەناڵی کەرکوکی سەر بە حکومەتی عێراق، کە ساڵی ١٩٦٩ وەکو یەکەمین کەناڵی میدیایی بینراو و بیستراو دامەزراوە.
لە درێژەی سیمینارەکەدا ئەو ڕاگەیاندنکارە تیشکی خستەسەر ڕێگری و ئاستەنگییەکانی بەردەم ژنانی کورد لە میدیای کوردیدا، وتی: ڕێگری و ئاستەنگی زۆر لە بەردەم ژنانی کورد لە کاری میدیای کوردیدا هەیە، لێرەوە تیشک دەخەینەسەر سەرەکیترین ئاستەنگیەکان کە وا دەکات ژنانی کورد بەشداری بواری ڕاگەیاندن نەکەن، ئەوانیش، سووکایەتی کردن، هەڕەشە کردن، تۆمەت هەڵبەستین، ڕێگری خێزانی، گێچەڵ و دەستگیرکردنن، بەداخەوە زۆربەی بەرپرسانی ناوەندەکانی ڕاگەیاندن لە ڕەگەزی نێرن و ژمارەیەکی زۆر کەمی ژنان بەرپرسی ناوەند و بەشەکانی میدیای کوردین.
عەزیزە وەلی باسی لە شەهید دەنیز فورات- کرد و وتی: ژنانی کورد قوربانیان داوە لەکاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکاندا، یەکەم ژن کە لە شەڕی دژ بە داعش شەهید کرا، ڕۆژنامەوان دەنیز فورات بوو، کە لە ڕۆژی ٨ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ لەکاتی ڕووماڵکردنی شەری دژی داعش شەهید بوو، هەروەها قوربانیانی دیکەش هەن لە ژنانی میدیاکاری کورد کە شەهید بوونە، ئەمەش سەلماندوویەتی کە ژنانی میدیاکاری کورد بەتوانا و چاونەترسن لە کاری میدیاییدا.