پۆلیس گازی فرمێسکڕێژی ڕشت بەسەر چالاکواناندا
دوای ڕێگریکردن لە چالاکی ڕێپێوان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، بەیاننامەیەک خوێندرایەوە و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان گازی فرمێسکڕێژی ڕشت.
سلێمانی
لە درێژەی ڕێپێوان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بە دروشمی "لە دژی داگیرکاری، با هەموومان کوردستان بپارێزین" و بە پێشەنگایەتی سەکۆی دژی داگیرکاری لە شاری سلێمانی، پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت، لە کاتێکدا مۆڵەتی فەرمی لە ئاسایشی سلێمانی وەرگیرابوو، ڕێگەی نەدا ڕێپێوانەکە بەرەو باخی گشتی بەردەوام بێت.
خۆپیشاندەران بە چالاکی دانیشتن وەڵامی ڕێگرییەکانی پۆلیسیان دایەوە و دواتر بەیاننامەیەکیان خوێندەوە، ئاماژەیان بەوەدا کە سەرباری هێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەستەوسان و بێدەنگن، بۆیە داوایان لێدەکەین هەڵوێستی جدییان هەبێت.
لە کاتی خوێندنەوەی بەیاننامەکەدا، پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان هێرشیان کردەسەر چالاکوانان و گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی پلاستیکیان بەکارهێنا.
چەندین کەس بەهۆی گازی فرمێسکڕێژەوە برینداربوون و دۆخی تەندروستیان تێکچوو.
"دەسەڵاتداران فەرمان لە سەروو خۆیان وەردەگرن"
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا کە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان فەرمانیان وەرگرتووە کە ڕێگری لە چالاکییەکە بکرێت، ئەگەرنا مۆڵەتی فەرمیمان لە ئاسایشی سلێمانی وەرگرتووە تا چالاکی ئەنجام بدەین، خێرە لە شەوێکدا پەشیمان بوونەوە و ڕێگریمان لێ دەکەن.
تارا حسێن باسی لەوەشکرد کە دەوڵەتی تورکیا لە چیاکانی کوردستان داگیرکاری دەکات و چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت، لەناو شاری سلێمانی هاوڵاتی و پەنابەری باکوری کوردستان زەکی چەلەبی تیرۆر دەکات، بەڵام دەسەڵات هیچ دەنگێکی لێنایەت و بکوژان دەستگیر ناکات و بووەتە گوێڕایەڵی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا.
داواشیکرد هاوڵاتیان خۆیان دووری هێرشەکان نەگرن، چونکە هێرش و بۆردومان و داگیرکارییەکان بۆسەر تەواوی گەلی کورد و کوردستانە و دەبێت ژنان پێشەنگ بن و ڕێگری لە داگیرکارییەکان بگرن.