میدیا گرنگی بە ناوی ژنان نادەن و بە ناوی پیاوانەوە بانگیان دەکەن؛ دایە ئاسکە و کچەکانی بە نمونە

لەگەڵ ئەوەی ماوەی چوار ساڵە خوشکەکانی تاریقی بەقاڵ بە ناوەکانی "نیاز، ناسکە، تریفە، گێلاس، بێخاڵ، ئاهەنگ، خەمگین و چاوان، تەرزە، گوڵاڵە" بەدوای دۆسیەی برا کوژراوەکەیانەوەن، بەڵام میدیاکان ناویان ناهێنن و بە ناوی براکەیانەوە بەناویان دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

١٣ی حوزەیران لەناو دادگای سلێمانی، دوای تەواوبوونی دانیشتنی دادگا بۆ کەیسی تاریقی بەقاڵ، دایە ئاسکە، دایکی تاریقی بەقاڵ و کچەکانی، بە ناوەکانی "نیاز، ناسکە، تریفە، گێلاس، بێخاڵ، ئاهەنگ، خەمگین، تەرزە، چاوان، گوڵاڵە" لە دادگا ناڕەزایەتییان بەرامبەر بڕیاری دادگا دەربڕی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشکرایە سەر خوشکەکان و دایکیان و لە خوشکێکیان درا و توندوتیژی بەرامبەر ئەوانی دیکە ئەنجامدرا.

 

ئەوەی لەسەر مافی تاریقی بەقاڵ هاتووەتە دەنگ، تەنها دایە ئاسکە و کچەکانییەتی، بە ناوەکانی "نیاز، ناسکە، تریفە، گێلاس، بێخاڵ، ئاهەنگ، خەمگین و چاوان، تەرزە، گوڵاڵە"، بەڵام ئەوەی لە میدیاکانەوە گرنگی پێنادرێت و تا ئێستا باسی لێوەنەکرێت، ناوی خوشک و دایکەکەیەتی، کە چەندین ساڵە بێ ماندووبوون لە هەوڵدان، لە بەرامبەردا هەموویان بە ناوی برا کوژراوەکەیانەوە بەناودەکرێن.

 

هەرچەندە دایە ئاسکە و کچەکانی چەندین تیكۆشان و ڕەنجیان داوە تا تاوانباران بە سزای خۆیان بگەیەنن، بەڵام هێشتا ناوی برا کوژراوەکەیان وەک پاشگرێک پێوەیە و زۆرینەی کەس و لایەنەکان ناویان نازانن و تەنها بە ناوی "خوشکەکانی تاریقی بەقاڵ" دەیانناسن.

 

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردووشدا کە کەیسی تاریقی بەقاڵ و هێرشکردنە سەر دایە ئاسکە و کچەکانی بووە ڕۆژەڤی گەرمی هەواڵەکان و کۆمەڵگە، میدیاکان ناوی هیچ یەکێک لە خوشکەکانیان ئاشکرا نەکرد و تەنها بە خوشکەکانی تاریق ناویان دەهێنان، ئەمەش دەیسەلمێنێت ژن لە هەر دۆخ و بارێکدا بێت ناوی لە ژێر ناوی برا، باوک لە خێزاندا ون دەبێت و وەک خودی خۆی مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت بەڵکو ناوی خێزان بەسەریدا زاڵ دەبێت.

 

تاریق ڕۆستەم، ناسراو بە تاریقی بەقاڵ، لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ لەلایەن چەند کەسێکەوە لە سلێمانی ڕفێندرا و دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە، بۆ گەشتنە ئەنجامی کەیسەکەی لە دادگادا ماوەی چوار ساڵە دایە ئاسکە و کچەکانی لە هەوڵدان و ڕوویانکردووەتە دادگا بۆ بەدەستهێنانی مافی براکەیان.