٥٦ کەس لە بەڕازیل بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا

بەهۆی بارانبارینی زۆر و درووستبوونی لافاوەوە، لە ویلایەتی ڕیۆ گراندێ دو سولی بەڕازیل، ٥٦ کەس گیانیان لە دەستدا و ٧٠ کەسیش بێسەروشوێن بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرگریی شارستانی ڕیۆ گراندێ دو سولی وڵاتی بەڕازیل ڕایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی زۆر و درووستبوونی لافاوەوە، ٢٥هەزار کەس ئاوارەبوون و ٥٦ کەس گیانیان لە دەستدا و ٧٠ کەسیش بێسەروشوێن بوون، هەروەها ڕایانگەیاند، لافاو چەندین شەقام و پردی لە چەندین ناوچەی هەرێمەکەدا لە ناوبردووە، زریانەکە بووەتە هۆی هەرەسهێنانی زەوییەکە و ڕووخانی بەشێکی بەنداوێک لە وێستگەیەکی بچووکی کارەبایی ئاودا، بەنداوێکی دیکەش لە شاری بێنتۆ گۆنکالڤێس مەترسی ڕووخانی لەسەرە.

 

لە پۆرتۆ ئالێگری پایتەختی ڕیۆ گراندێ دو سول، ڕووباری گوایبا سەرڕێژ بووە و لافاویی لەسەر شەقامەکان درووست کردووە، هاوکات فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی پۆرتۆ ئالێگری سەرجەم گەشتەکانی بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگرت.