ئەنجامنامەی کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکرایەوە

لە شاری بەیروتی پایتەختی لوبنان، بە دروشمی "گەنجان و بنیادنانی ئایندەیەکی ئازاد"، کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بە ڕاگەیاندنی ئەنجامنامە کۆتایی هات.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەرواری ٨ی حوزەیران دەستی پێکرد و دوێنێ بە ئەنجامنامەیەک کۆتایی هات، لە کۆنفرانسەکەدا گەنجانی بەشداربوو جەختیان لە کارەساتەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و ‌هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچە جیاوازەکان و یەکڕیزیی گەنجان لە چوارچێوەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکدا کردەوە.

 

لە دوو ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا کاریگەریی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەسەر گەنجان، خەبات و ئەزموونەکانی گەنجان، لەناوبردنی سروشت و ژینگە، دۆخی ژنانی گەنج و ئازادیی ژنان خرانەڕوو، هەروەها کێشەکانی گەنجان و ڕۆڵی گەنجان لە پەرەپێدانی کولتووری ژیانی هاوبەش و شێوازەکانی پەرەپێدانی یەکڕیزیی و پەیوەندییەکانی گەنجان بابەتی سەرەکی کۆنفرانسەکە بوو.

 

دوای گفتوگۆکان، کۆنفرانسەکە بە خوێندنەوەی دەرەنجامەکان کۆتایی هات، کە بەم شێوەیە بوو:

١- چارەسەری قەیرانی ئێستا دەتوانرێت لە دەرەوەی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و بە بنیادنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراسیی جێبەجێ بکرێت.

٢- مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و هەموو لقەکانی ناتوانن چارەسەرێک بنیاد بنێن، بەڵام کێشەکانی ئێستا قوڵتر دەکەنەوە، لە کۆنفرانسەکەدا ڕاگەیاندرا، کە پێویستە خەباتێکی فکریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لە دژی هەموو ئەو پڕۆژانەی کە لە دەرەوە بەسەر ناوچەکەدا دەسەپێندرێن، وەک پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە، هەروەها ئیسلامی سیاسیی بەڕێوەبچێت.

٣- هەموو ئەو هەڵوێست و بۆچونانە ڕەتدەکەینەوە کە لە دەرەوە چاوەڕوانی چارەسەریی دەکەن، بە تێڕوانینێکی ڕۆژهەڵاتگەرایی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بچووک دەبینێت و هێزی چارەسەر لە خۆیدا نابینێت، ڕەتدەکەینەوە و لە بەرامبەریدا گەنجان وەک هیزی دینامیکترین گۆڕانگاریی نوێبوونەوە دەبینین.

 

٤- هەموو جیاوازییە مێژووییەکان، زمان، کولتوور، نەریت، نەتەوە و بیروباوەڕەکان، کێشەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەیەکەوە گرێدراون، بۆیە بۆ ئەوەی گەنجان بتوانن ببنە هێزی پێشەنگ و چارەسەر، پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ بنیادنانەوە و پتەوکردنی یەکڕیزیی گەنجانی ناوچەکە.

٥- بە مەبەستی بەدیهێنانی ئەم یەکگرتنە دەبێت هەنگاوی کۆنکرێتی بەرەو کۆنفیدرالیزمی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بنێین، کۆنفرانسەکەمان کۆردیناسیۆنێکی لە نوێنەری هەموو ڕێکخراوەکان هەڵبژاردووە و ئەرکی پێداوە.

٦- ئێمەی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە کۆیلایەتی ژن و حوکمڕانی پیاوان بەسەر ژناندا بە بنەڕەتیترین و سەرەکیترین کێشە دەبینین و ڕایدەگەیەنین کە ژنانی گەنج هێزی پێشەنگن بۆ دیموکراتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

٧- بەشداربووانی ئەو پرۆژەیە، نەتەوە-دەوڵەت کە خەڵک و بیروباوەڕی ناوچەیی لە بەرامبەر یەکتردا دەدات بەیەکدا و نکۆڵی لە بوونیان دەکات و بنەڕەتیترین بەربەستی ژیانی هاوبەش و دیموکراسین، وەک چارەسەر نابینێت، بەڵکو پرۆژەی نەتەوەیەکی دیموکراتیک، کە مافی چارەی خۆنووسینی هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە دەپارێزێت، بە بنەمای خۆی دەگرێت.

٨- ئەو پێناسانە ڕەتدەکەینەوە کە خەباتی ڕەوای گەل بە تیرۆر وەسف دەکەن، ڕایدەگەیەنین کە لە بەرامبەر هەموو جۆرە داگیرکاریی و بەکارهێنانێک، پاراستنی ڕەوا مافی هەموو پێکهاتەیەکە.

 

٩- دژی سەرمایەداریی و ئایدۆلۆژیایی ئەو لیبرالیزمە دەوەستینەوە کە کۆمەڵگە لەسەر بنەمای دەستبەسەرداگرتنی درۆینەی “ئازادیی” دابەش دەکات و تاکگەرایی بەرەوپێش دەبات، گەنجان لە ئەرکە نیشتمانپەروەرییەکانیان سەرقاڵ دەکات، دژی پیاوسالاری و تاڵانکردنی سرووشت، تێکدانی ژینگە، هەموو جۆرە ستەمێک لەسەر بنەمای ڕەگەز، ناسنامە، ئایین، زمان و نەتەوەکان خەبات دەکەن.

١٠- سیاسەتە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەکات و لە لیبیا تا قەفقاز و یەمەن و کوردستان پەرەی پێدەدرێت، وەک دوژمنی هاوبەشی هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەبینین، لەسەر ئەو بنەمایە پشتیوانی خەباتی هاوبەشی گەلی کورد و خەڵکی ناوچەکە دەکەین.

١١- داگیرکاریی ئیسرائیل و کۆمەڵکوژیی گەلی فەلەستین شەرمەزار دەکەین، خەباتی گەلی فەلەستین بۆ ئازادیی بە ڕەوا دەزانین و هەر پڕۆژەیەک ڕەتدەکەینەوە کە گەلی جوولەکە و گەلی فەلەستین دژی یەکتر بهێنێتە ئاراوە.