بەرنامەی خۆراکی جیهانی: لە ٧١٪ی خێزانەکانی یەمەن خۆراکی پێویستیان نییە
بەرنامەی خۆراکی جیهانی ئاشکرای کردووە، کە لە ٧١٪ی خێزانەکانی ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی یەمەن و دانپێدانراوی نێودەوڵەتیدان، ناتوانن خۆراکی پێویست دەستەبەر بکەن.
ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ بەردەوامی پەرەسەندنی ململانێکان لە یەمەن، ملیۆنان کەس بەهۆی خراپتربوونی قەیرانی توندی برسێتیەوە ڕووبەڕووی مۆتەکەی برسێتی دەبنەوە، دەستەبەرکردنی تەنانەت یەک ژەم لە ڕۆژێکدا بۆتە ململانێی هەزاران خێزان، لە کاتێکدا هۆشدارییەکان سەبارەت بە تێکچوونی بێ وێنەی ئاسایش و پێداویستی خۆراک کە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی مەدەنی دروست دەکات.
بەرنامەی خۆراکی جیهانی ٩ی تشرینی دووەم هۆشداری دا لە خراپتربوونی قەیرانی برسێتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی یەمەن کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراون و ئاشکرای کرد کە لە ٧١٪ی ماڵەکان لە ماوەی مانگی ئەیلوولدا خۆراکی پێویستیان وەرنەگرتووە.
بەپێی نوێکردنەوەی ئاسایشی خۆراکی مانگی تشرینی یەکەم بەرنامەی جیهانی خۆراک، ڕێژەی نائاسایشی خۆراکی بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی لە ١٣٪ی و بە بەراورد بە تێکڕای پێنج ساڵە بە ڕێژەی نزیکەی لە ٢١٪ی بازدانی بەخۆیەوە بینیوە، کە ئەمەش دابەزینێکی پێوانەیی لە پێوەرەکانی بەکارهێنانی خۆراکدا تۆمارکردووە.
تێکچوونی بێ وێنە
لە ڕاپۆرتەکەدا، هاتووە کە لە ٣٦٪ی هەموو ماڵەکان ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراک دەبنەوە، ئەم ڕێژەیە لە شارەکانی زالع، لاحج، شبوە و ئەبین بۆ نێوان لە ٤٠٪ بۆ لە ٤٥٪ بەرزبووەتەوە، هەروەها تەعز توندترین دابەزینی ساڵانەی تۆمارکردووە، ڕێژەی کەم بەکارهێنان لە ٢٩٪ لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٥ بۆ ٣٦٪ لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا بازدانی بەخۆیەوە بینیوە.
لەو ناوچەشارانەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری ململانێکانیان لەسەر بووە، ڕێژەی ئەو ماڵانەی کە خۆراکی پێویستیان نەبووە لە ماوەی چارەکی سێیەمی ساڵدا لە نێوان لە ٦٥٪ بۆ لە ٧٦٪ بووە، لەگەڵ زیادبوونی بەرچاو لە ناوچەشارەکانی قاهیرە، مەقبەنە، مخا، حەیس، و مزەفەر، ڕێژەی بێبەشبوونی توندی خۆراک لە ناوچە جێناکۆکەکان لە نێوان ٢٧٪ بۆ ٤٦٪ بووە، بەتایبەتی لە مواست، مسراخ، سلو و شمایتین، لە کاتێکدا ڕێژەی بێبەشبوون لە ناوچەشارەکانی مشرەعە و حەدنان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دوو هێندە زیادی کردووە.
ئەم قەیرانە ڕاستەوخۆ لە بازاڕە ناوخۆییەکانی تەعزسا ڕەنگدانەوەی هەبوو، بازرگانان ڕاپۆرتیان دا، کە کۆگاکانی گەنمیان کەم بووەتەوە، بەهۆی پچڕانی دابینکردن و زیادبوونی تێچووی گواستنەوە، فرۆشیارانی تاکەکەسی ناچاربوون کڕینی ئارد و برنج لە ماڵەوە بە زۆرترین ڕێژەی ٢٥ کیلۆگرام بۆ هەر خێزانێک دابەش بکەن، لەگەڵ بازدانێکی ١٢٪ لە تێچووی کەمترین سەبەتەی خۆراکی تەعز لە نێوان مانگی ئەیلوولی ڕابردوو و نیوەی یەکەمی مانگی تشرینی یەکەمدا بووە، هەروەها زیادبوونی ١٥٪ لە چاو ساڵی ڕابردوودا بووە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر توانای کڕینی خێزانەکان هەبووە.
نیشاندەری ململانێ و چەقبەستوویی ئابووری
ئەم قەیرانە هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی ئاوارەبوون کە بەهۆی پەرەسەندنی سەربازییەوە دروست بووە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم نزیکەی ٣٠٠ هەزار ئاوارە ناوخۆییەکانی تۆمارکردووە، لەو ژمارەیەش ٦٨٪ لە تەعز و ١٨٪ لە لاحج و ١٣٪ لە حودەیدە سەرچاوە دەگرن.
لە ڕووی ئابوورییەوە ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، ٦٩٪ی ماڵەکان داهاتی مانگانەیان دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا بە نزیکەی ٧٤٪ی سەرچاوە کەمەکانیان تەنها بۆ خۆراک خەرج دەکەن، قەیرانەکە خراپتر بووە بە کەمبوونەوەی هاوردەکردنی خۆراک لە ڕێگەی بەندەرەکانی حکومەتەوە بە ڕێژەی ١٦٪ و کەمبوونەوەی هاوردەکردنی سووتەمەنی بە ڕێژەی ٤٤٪ لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٥، ئەمەش بەهۆی پچڕانی کەشتیوانی دەریایی و بەرزبوونەوەی تێچووی بیمە.