تەیبە ئەگەرچی سکاڵای تۆمارکردووە بەڵام لەلایەن باوکییەوە کوژرا

ڤلۆگەرێکی عێراقی لەلایەن باوکییەوە دەکوژرێت، میدیاکان باس لەوەدەکەن کە پێشتر لەلایەن خێزانەکەیەوە هەڕەشەی لێکراوە و لەلای پۆلیس سکاڵای تۆمار کردووە

ناوەندی هەواڵ

 

تەیبە ئەلعەلی، ڤلۆگەرێکی عێراقییە و ماوەی چەند ساڵێکە وڵاتی عێراقی بەجێهێشتووە و لە وڵاتی تورکیا دەژیا، دوێنێ لە میدیا عێراقییەکانەوە هەواڵی کوژرانی تەیبە لەلایەن باوکییەوە بڵاوبووەوە و زانیاری لەبارەی ڕووداوەکەوە بڵاوکراوەتەوە.

 

بەپێی زانیاری میدیا عێراقییەکان کە لە سەرچاوەی ئەمنییەوە وەرگیراوە، تەیبە چەند ڕۆژێک بووە لە وڵاتی تورکیا گەڕاوەتەوە بۆ شاری بەغدا، ئەوەش لەسەر داوای دایکی بووە، کاتێک تەیبە لەلایەن براکەیەوە هەراسان کراوە، بە گەڕانەوەی تەیبە هەڕەشەکردن لێی لەلایەن خێزانەکەیەوە دەستی پێکردووە، کاتێک تەیبە لە شاری بەغدا بووە، لای پۆلیس سکاڵای تۆمار کردووە و ویستوویەتی بگەڕێتەوە بۆ تورکیا و لەگەڵ گەنجێکی خەڵکی سوریا هاوسەرگیری بکات.

 

بەڵام كەسوكارەكەی توانیوویانە شوێنی تەیبە لە بەغدا بزانن و بیگەڕێننەوە بۆ پارێزگاری دیوانیە، دوای دروستبووونی دەمەقاڵێ لەنێوان ئەو و باوكیدا، تەیبە لەلایەن باوكییەوە خندێندراوە، دواتر خۆشی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە، بەڵام هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە سەبارەت بە كوشتنەكە و ئەو زانیاریانەی لەسەر ئەو ژنە گەنجە بڵاوبووەتەوە دەرنەچووە