"وریشە مورادی لە بەردەم لوتکەی دڕندەیی ڕژێمێک دایە کە بووەتە هێمای ژنکوژی"

کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار، لە ڕاگەیاندراوێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە "وریشە مورادی هەڤاڵمان ئەمڕۆ لە بەرامبەر لوتکەی دڕندەیی ڕژێمێک دایە کە بووەتە هێمای جینۆساید و ژنکوژی"، داوا لە سەرجەم چالاکوانان ژنان دەکەین پشتگیری بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار لە کاردانەوە بە سزای لەسێدارەدان بۆ وریشە مورادی، چالاکی سیاسی کورد و ئەندامی کۆمەڵەکەیان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە ڕای گشتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران کردووە کە پشتیوانی لە وریشە مورادی بکەن و ڕژێمی ئێران لە گەیشتن بە ئامانجەکانی بە کۆدەنگییەکی جیهانی ڕابگرن.

 

کەژار لەم ڕاگەیاندراوەدا جەختی لەوە کردەوە: ئێمەش وەک هەڤاڵانی وریشە مورادی وێڕای پەرەپێدانی تێکۆشانی یەکسانیخوازانە و ئازادیخوازانەمان، بڕیارماندا لە درێژەدان بەو هەڵمەتە، کە وریشە مورادی خۆی هەم بەرهەمەکەی و هەم  یەکێکە لە پێشەنگەکانی، هەر بۆیە هەموومان هەوڵەکانمان بدەین و لە ڕێگای تێکۆشان بۆ ئازادی تا دەتوانین پێشبکەوین.

 

دەقی تەواوی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە:

بۆ ڕای گشتی گەلەکەمان لە کوردستان و هەموو ئێران

 

بۆ مرۆڤانی خاوەن ویژدان لە جیهاندا

 

هەڤاڵمان وریشە مورادی (جوانا سنە) ، لە ٣١ی تەمووزی ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیرکراوە و ئێستا لە زیندانی ئێڤین زیندانی کراوە. لە ماوەی ڕابردوودا ڕژێمی پیاوسالاری ئێران هیچ ڕێگەچارەیەکی بۆ ئەشکەنجەدانی ئەم هەڤاڵەی ئێمە ڕەت نەکردەوە، لە مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا، تا ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی، چاوپێنەکەوتنی لەگەڵ پارێزەر و بەکارهێنانی توندوتیژی لە کاتی دەستبەسەریدا، دڕندەیی لە پێناوی زیادکردنی فشار بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ کرا، ئەمە لە کاتێکدایە جیهان بە هەمان شێوە بینی کە ئەم کردەوانە نەگەیشتنە هیچ شوێنێک و لە دژی ئیرادەی پۆڵاینی ژنانی ئازادیخواز بێ ئەنجام مانەوە. ئەم کردەوە و ئەشکەنجانە درێژەپێدەری سیاسەتی دژە گەل و دژە ژنە کە چەندین ساڵە پێکهاتووە و بەردەوامە.

 

سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ڕژێمی ئیسلامی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا گەیشتووەتە بنبەستێکی قووڵ و ئەم چەقبەستووییە ئەوەندە ئاڵۆز بووە، کە بەبێ کرانەوەیەکی گەورە، زیاتر و زیاتر لە ناو تاڵاوەکەی خۆیدا نوقم دەبێت. ئەم چەقبەستووییە لە نزیکبوونەوەی ئەم ڕژێمە لە ژنان،  گەلان و هەموو ئەو هۆکارانە سەرچاوە دەگرێت، کە بوونە هۆی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی". ڕژێمی ئیسلامی لە جیاتی مامەڵەی ژیرانە و هەوڵدان بۆ چارەسەری ئەم پرسانە، سیاسەتە سەرکوتگەرانەی خۆی قووڵتر دەکاتەوە و سزای نامرۆڤانە بۆ تێکۆشەران دەردەکات. یەکێک لەو تێکۆشەرانە هەڤاڵمان وریشە مورادییە کە ئەمڕۆ لەبەردەم بەرزایی دڕندەیی سیستەمێک دایە کە بووەتە سیمبولی جینۆساید و ژنکوژی.

 

هەر له سەرەتای دەستگیرکردنەوە، سەرەڕای ئەو هەموو توندوتیژی و ئەشکەنجه دەروونی و جەستەیییه زۆره، هەڤاڵمان وریشە بووە دەنگی زیندان و دەنگی شۆڕش و دەنگی هەموو ئەو زیندانیانەی کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەنگاوەکانی یەک لە دوای یەک ڕادیکاڵتر بوون و هاوتەریب بوون لەگەڵ بەرگری لە ژنە تێکۆشەرانی دیکە لە زیندانەکانی ئێراندا. لە نامەکانیدا باسی لە ناسنامە و ئیرادەی ژنانی کردووە و دانی بە دادگای دژە ژندا نەناوە، هەربۆیە ئەمجارەیان گیانی خۆی فیداکرد و لە ١٠ی تشرینی یەکەمەوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان و پاڵپشتی لە هەموو ئەو چالاکییانەی کە لە پێوەندی لەگەڵ زیندانیانی سزای لەسێدارەدان ئەنجام دەدرێن، مانی لە خواردن گرت و لە ٢٩ی تشرینی یەکەمدا لەسەر داوای چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

 

ئێستا سیستەمی قەزایی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، لە درێژەی کردەوە نامرۆڤانەیەکانی بەرامبەر بە هەڤاڵەکەمان، بە شێوەیەکی بێ پرەنسیپ و نامرۆڤانە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکردووە. بێ گوێدانە هەموو پرۆسەی زیندانی و دادگایی کردنی کە پرۆسەیەکی نامرۆڤانە بوو، دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ژنێکی چالاکوان و تێکۆشەر، پێداگریی ڕژێم لەسەر کردەی دژە مرۆڤایەتی، ژنکوژی و دژە گەل نیشان دەدات و بزمارێکی دیکەیە لەسەر تابوتی ڕژێمەکەی. ئێمەی وەک کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دژ بە دەرکردنی ئەو سزایە، ڕایدەگەیەنین کە وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی و هەموو ژنانی تێکۆشەر، هەڤاڵانی  شیرین عەلەمهولی و زەینەب جەلالیان بوون و هاوشێوەی ئەوان مەشخەڵی ئازادی بۆ هەموو گەلان و گەلی ئێرانیان بە دەستەوەیە و بوونەتە هێمای تێکۆشانی "ژن، ژیان، ئازادی".

 

هەر لە سەردەمی دەستگیرکردنی هەڤاڵەکەمانەوە تا ئێستا گەلی ئازارچێشتوو و ئازادیخوازان و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و ئازادیخوازان و هەموو ئەو کەسانەی کە تامی ئازاری ستەمیان کردووە و خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی دەکەن، پشتیوانی هەڤاڵمان "وریشە مورادی"یان کردووە، هەریەکەیان چالاکیەکیان بۆ پشتگیریکردن لە وریشە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا ئەنجامدا، وێڕای پێزانینی هەریەکێکیان پێویستە جەخت لەسەر گرنگی یەکڕیزی و پشتیوانی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان بکرێتەوە. بۆیە داوا لە هەموو چالاکوانان و تێکۆشەران و ژنان دەکەین بۆ پشتیوانی لە وریشە مورادی بوەستنەوە و بە کۆدەنگییەکی جیهانی نەهێڵن ڕژێم ئامانجەکانی پێکبهێنێت. ئێمەش وەک هەڤاڵانی وریشە مورادی وێڕای پەرەپێدانی تێکۆشانی یەکسانیخوازانە و ئازادیخوازانەمان بڕیارماندا لە درێژەدان بەو هەڵمەتە، کە وریشە مورادی خۆی هەم بەرهەمەکەی و هەم یەکێکە لە پێشەنگەکانی، هەر بۆیە پێویستە هەموو هەوڵەکانمان بدەین لە ڕێگای تێکۆشان بۆ ئازادی، تا دەتوانین پێشبکەوین.