نووسینگەی یاسایی سەدە: پێویستە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئیمرالی ڕابگیرێت

نووسینگەی یاسایی سەدە سەبارەت بە کۆبوونەوەی ٢٣ی تشرینی یەکەم، لە نێوان ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و بنەماڵەکەی ڕایگەیاند، پێویستە پێشێلکاریی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە ئیمرالی ڕابگیرێت و دەرفەت بدرێت بە پارێزەران کۆببنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

نووسینگەی یاسایی سەدە سەبارەت بە چاوپێکەوتنی نێوان ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و بنەماڵەکەی، کە لەلایەن عومەر ئۆجالانی برازای، لە ٢٣ی تشرینی یەکەمدا ئەنجامدا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "پێویستە دەرفەت بدرێت بە پارێزەران کۆببنەوە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دوێنێ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و برازاکەی، بەڕێز عومەر ئۆجالان لە چوارچێوەی سەردانی خێزانیدا چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا، ئەمەش دوای ٤ ساڵ بەسەر دوا کۆبوونەوەی بنەماڵەکەدا تێپەڕیوە، کە لە ٣ی ئاداری ٢٠٢٠ لەگەڵ محەمەد ئۆجالانی برایدا ئەنجامدرا، پێویستە کۆبونەوەکە بەر لەهەموو شتێک، دەبێت ئەم سەردانە وەک چاوپێکەوتن نەمێنێتەوە و بەردەوام بێت، بەپێی دەستوور و یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پێویستە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، بەڕێز حەمیلی یڵدرم، عومەر هەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش بتوانن پارێزەر و بنەماڵەکانیان ببینن. بەڕێز ئۆجالان ئەو دەسەڵاتە تیۆری و کردەییەی هەیە، کە دەتوانێت پرۆسەکە لە زەمینەی شەڕەوە بگوازێتەوە بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی، بۆیە دیدارێکی دروست لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی تورکیا و ناوچەکە. لەسەر بنەمای ئاشتی و دیالۆگ و کۆدەنگی دیموکراسی.

 

نووسینگەی یاسایی سەدە جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە کۆتایی بەو پێشێلکارییە سیستماتیکییەی مافەکانی مرۆڤ بهێنێت کە لە ئیمرالی بەردەوامە، مافی دیدار لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵە، کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ئاستەنگ کراوە، پێویستە بە پێی یاسا جێبەجێ بکرێت.