پزیشکێکی سودانی لە نەخۆشخانەی دەنقلا لەلایەن ئەفسەرێکی پۆلیسەوە هێرشی کرایە سەر

بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی دەنقەلا لە سودان، سەرکۆنەی هێرشکردن سەر یەکێک لە پزیشکە ژنەکان لەلایەن ئەندامێکی پۆلیسەوە کرد، دەڵێت: بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکات بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست بەرامبەر بە تێوەگلاوان بگیرێتە بەر.

سودان

 

بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی دەنقەلا لە باکووری سودان ڕایگەیاند، کە یەکێک لە پزیشکە ژنەکانی لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە پیشەییەکانیدا دەستدرێژی جەستەیی و زارەکی بەرامبەر کراوە و لە ئەنجامدا بریندار بووە.

 

بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی، ٢٠ی تشرینی یەکەم، ڕایگەیاند، کە ڕووداوەکە لەلایەن ئەندامێکی هێزی پۆلیسەوە ئەنجامدراوە و بە پێشێلکردنی پیرۆزی دامەزراوەکانی چاودێری تەندروستی و هێرشکردنە سەر کارمەندانی پزیشکی پێناسەی کردووە.

 

هەروەها بە توندی دەستدرێژیکردنە سەر کارمەندانی پزیشکی شەرمەزارکرد، جەختی لەوە کردەوە، کە پاراستنی پزیشکان و کارمەندانی چاودێری تەندروستی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە، ئەو جۆرە هێرشانە جێگەی قبوڵکردن نین چونکە مەترسی لەسەر پارێزراوی کارمەندان و سەقامگیری خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکەن.

 

دووپاتیکردەوە  کە لەڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکات تا ئەو کاتەی ڕێکارە یاساییەکان تەواو دەبن و دادپەروەری پێشکەش دەکرێت، هەروەها هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی پێویست بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێتەبەر کە تێوەگلاون لە ڕووداوەکەدا بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی مافەکان و کەرامەتی کارمەندانی پزیشکی.