لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ٣٥ ملیۆن منداڵ لە خوێندن بێبەشن

ئادێل خدر، بەڕێوەبەری هەرێمیی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، دووپاتیکردەوە، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ٣٥ ملیۆن منداڵ بێبەشن لە خوێندن.

ناوەندی هەواڵ

 

لەم دواییانەدا ململانێ و شەڕەکان بەتایبەتی لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بووەتە هۆی کۆچی زۆرێک لە خێزانەکان، هەروەها کاریگەری لەسەر بارودۆخی ئابوری ئەو وڵاتانە هەبووە، کە ملیۆنان منداڵی لە مافی خوێندن بێبەش کردووە.

 

٢٢ی تشرینی یەکەم، ئادێل خدر، بەڕێوەبەری هەرێمیی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ڕایگەیاند، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ٣٥ ملیۆن منداڵ لە خوێندن بێبەشن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە خێزانەکان منداڵەکانیان بەجێدەهێڵن بەهۆی بەردەوامی ململانێ و شەڕەکانی ناوچەکە، یان بەهۆی سەختی ئابورییەوە، نیگەرانی خۆشی دەربڕی کە تەنها ٪١٥ی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام بەدیهاتووە، هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ بارگرانی قەرز، کە وا لە حکومەتەکان دەکات لە پێشینەی کارەکانیان لەسەر دانەوەی قەرزەکان چڕبکەنەوە، لەبری وەبەرهێنان لە بواری پەروەردەدا.

 

ناوبراو جەختی لە پێویستی پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و فراوانکردنی وزەی نوێ کردەوە، بۆ ئەوەی وڵاتان بتوانن ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام بەدەستبهێنن، هەروەها داوای لە دامەزراوە داراییەکان کرد کە ئاسانکاری زیاتر پێشکەش بکەن و بارگرانی قەرز لەسەر وڵاتان کەم بکەنەوە.

 

بەڕێوەبەری هەرێمیی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ڕایگەیاند، ٪٢٤ی دانیشتوانی جیهان لەناو ئەو ململانێیانەدا دەژین کە ڕۆژانە خراپتر دەبن، ئەمەش کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە و بە تایبەت منداڵان دەبێت، هۆشداریشیدا لە مەترسی بێبەشکردنی منداڵان بە تایبەتی لە غەززە لە خوێندن بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک.

 

هەروەها ئادێل خدر هۆشداریدا لە جددیەتی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا کە کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان هەیە و وێرانکردنی ماڵ و قوتابخانە و دامەزراوە تەندروستییەکانیش ئاستەنگێک لە بەردەم دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دروست دەکات.