سەنتەری میترۆ: ٣٠ سکاڵای ڕۆژنامەنووسانمان بە دەست گەشتووە

سەنتەری میترۆ ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە و سەرنجی داوە، زۆربەی پێشێلكارییەكان لە دەنگدانی تایبەت ڕوویاندا و لە دەنگدانی گشتیدا كەمترین پێشێلكاریی هەبووە.

ناوەندی هەواڵ

 

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان ئاماری سەرپێچیی و پێشێلکارییەکانی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و بە پێی ڕاپۆرتەکە لە هەردوو ڕۆژی  دەنگداندا (٣٠) سكاڵایان بەدەست گەیشتووە.

 

بە پێی ڕاپۆرتەکە سکاڵاکان بریتی بوون لە ٢٥ ڕێگری، دوو هێرش بۆ سەر تیمی میدیاكان، سێ هێرشی ئەلیكترۆنی.

 

ئەوەش هاتووە، سەنتەری میترۆ سەرنجی داوە كە زۆربەی پێشێلكارییەكان لە دەنگدانی تایبەت ڕوویاندا و لە دەنگدانی گشتیدا كەمترین پێشێلكاریی هەبووە، ئەمەش یەكەمین جارە لە دەنگدانی گشتی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ڕووبدات.

 

ڕۆژی ١٨ـی مانگ دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی ٢٠ـی مانگ پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بازنەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە) بەڕێوەچوو، تیایدا ١٣٦ لیست و هەزار و ١٩١ کاندیدی لایەنە سیاسییەکان و سەربەخۆ کێبڕکێیان لەسەر بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمان کرد.