ئیسرائیل لە مانگی ئاداردا ٦ ڕۆژنامەنووسی کوشتووە

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی فەلەستین ڕایگەیاند کە لە مانگی ئاداردا ٦ ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە و ٩ ڕۆژنامەنووس لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمیتەی ئازادیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی فەلەستین ڕاپۆرتی مانگانەی خۆی سەبارەت بە تاوان و پێشێلکاری و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەندامانی ڕۆژنامەگەری بڵاو کردەوە و ئاماژە بەوە کراوە، کە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان لە ئاستی جیاوازدا زیادی کردووە.

 

ئیسرائیل ١٠٥هێرشی ئەنجامداوە
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە؛ لە غەززە لە ئەنجامی هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ماڵەکانیان ٣ ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستدا، ٣ ڕۆژنامەنووس بە بەرکەوتنیان بە پارچەی بۆردوومان گیانیان لەدەستداوە و ٩ ڕۆژنامەنووس بریندار بوون، ئیسرائیل لە مانگی ئاداردا ١٠٥ "هێرشی تاوانکاری و پێشێلکاری" دژی ڕۆژنامەنووسان ئەنجامداوە. لەئەنجامی ئەو پێشێلکارییانەدا ١٢ ناوەند و پێداویستی سەر بە ڕۆژنامەنووسان وێران بوون، ٨ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران، سوپای ئیسرائیل ٤ ماڵ و ناوەندی سەر بە ڕۆژنامەنووسانی داخست، ٣ جار ڕۆژنامەنووسان بە فیشەک کراونەتە ئامانج، نزیکەی ١٠ ڕۆژنامەنووس لێیان دراوە، ٣ ڕۆژنامەنووس پەلکێشی بەردەم داواکاری گشتی کراوە، لە قودسی ڕۆژهەڵات و کەناری ڕۆژئاوا کە لەژێر داگیرکاریدایە، ڕێکخراوە میدیاییەکان کرانە ئامانج.

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە غەززە، لە بەیاننامەیەکدا کە لە ٣ی نیساندا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاند،  لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ١٤٠ ڕۆژنامەنووس.