حەسنا سەعادەتی ڕۆژنامەنووس لە ئەفغانستان بە گوماناوی گیانی لەدەستدا

حەسنا سەعادەتی ڕۆژنامەنووس شەوی ڕابردوو لە ئەفغانستان گیانی لەدەستدا دوای ئەوەی تاڵیبان هێرشیکردە سەر ماڵەکەی، بەکارهێنەرانی میدیای دیجیتاڵی و سەرچاوە ناوخۆییەکان تاڵێبان بە بەرپرسیاری گیان لەدەستدانی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەزانن.

ناوەندی هەواڵ

 

حەسنا سەعادەت، ڕۆژنامەنووس و ئەکتەری سینەماو و دایکی دوو منداڵ، شەوی ڕابردوو بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا، بەکارهێنەرانی میدیای دیجیتاڵی و سەرچاوە ناوخۆییەکان تاڵێبان بە بەرپرسیاری گیان لەدەستدانی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەزانن.

 

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە ناوخۆییەکان؛ ئەندامانی تاڵیبان شەوی ڕابردوو هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی حەسنا سەعادەت و ویستوویانە دەستگیری بکەن.

 

پۆلیسی تاڵیبان ئاماژەیان بەوەکرد، لێکۆڵینەوەیەکیان لەسەر ئەو بابەتە دەستپێکردووە و ئەو هەواڵە ڕەتدەکەنەوە کە بڵاوکراونەتەوە. هالید زادران، وتەبێژی پۆلیسی تاڵیبان لە هەژماری میدیا دیجیتاڵییەکان نووسیویەتی: کەسێک دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن سەبارەت بە گیان لەدەستدانی حەسنا سەعادەت.

 

بنەماڵەی حەسنا سەعادەت و ئەو ڕێکخراوانەی کە پشتیوانی لە ڕۆژنامەنووسان دەکەن هێشتا هیچ لێدوانێکیان لەسەر گیان لۆەدەستدانەکەی نەداوە.