ئیسرائیل قوتابخانە و نەخۆشخانەکانی غەززە دەکەنە ئامانج

ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی نەخۆشخانە و قوتابخانەکانی کەرتی غەززە، کە سەدان برینداری تیادا چارەسەر دەکرێت و هەزاران ئاوارەی تیادا کۆدەبنەوە و بەدوای شوێنێکی سەلامەتدا دەگەڕێن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ بۆردوومانێکی توندوتیژی مووشەکی و تۆپخانە قوتابخانەی ئەلبوراقی لە گەڕەکی نەسر لە غەززە کردە ئامانج کە شوێنی نیشتەجێبوونی هەزاران ئاوارەیە و بەو هۆیەوە ٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا، کە لە ناو قوتابخانەکە دەرهێنراونەتەوە و دەیان کەسیش بریندار بوون.

 

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، ژمارەیەک تانک لە دووری ٢٠٠ مەتر لە قوتابخانەی بوراقەوە جێگیربوون، دوای گەمارۆدان بۆردوومانکردنی دەوروبەری نەخۆشخانەی نەسر بۆ منداڵان و نەخۆشخانەکانی ئەلرەنتسی بۆ نەخۆشی شێرپەنجە و منداڵان و چاو و نەخۆشخانەی دەروونی و کۆمەڵگەی شیفا کە ٦٠ هەزار پەنابەری تیادایە، دەستی پێکرد.

 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا دووپاتی کردەوە کە بۆردوومانەکەی ئیسرائیل لە ماوەی یەک ڕۆژدا ٤ جار نەخۆشخانەکەیانی کردووەتەوە ئامانج و بە بۆردوومانی ڕاستەوخۆ بۆ سەر کەرتی تەندروستی لە غەززە تاوانی جەنگی ئەنجام دەدات.

 

ژمارەی کوژراوانی هێرشە زەمینی و دەریایی و ئاسمانییەکان کە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە بەردەوامە، ١١ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، کە چوار هەزار و ٥٠٦ منداڵ و ٣ هەزار و ٢٧ ژن و کچ و ٦٧٨ کەسی بەساڵاچوون.

 

جگە لەوە نزیکەی ٢٧ هەزار و ٥٠٠ بریندار، دوو هەزار و ٧٠٠ ڕاپۆرتی بێسەروشوێن بوونیشیان پێگەیشتووە، هەزار و ٥٠٠ منداڵیش تا ئێستا لەژێر داروپەردووەکاندان.

 

ئەمڕۆ شەممە، شەڕ و بۆردوومانی توندوتیژ لە چەند ناوچەیەک بەتایبەت لە باکووری غەززە دەستی پێکردەوە، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە بەرەی گەڕەکی نەسر لە نێوان حەماس و ئیسرائیل ڕوویدا، دوای ئەوەی تانکەکان لە گەڕەکی نەسر جێگیرکران و ژمارەیەک کوژراون و بریندار بوون، ژمارەیەک کەسیش هێشتا لە ژێر داروپەردووی ماڵە ئامانجکراوەکاندا.