ناسنامەی تەرمی کچە کوژراوەکەی بەنداوی سەردەشت ئاشکرا کرا

ناسنامەی ئەو تەرمەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەنداوی سەردەشت دۆزراوەتەوە، کە ناوی هایدە حەسەنزادەیە و تەمەنی ١٦ ساڵە، بە بیانووی شەرەف لەلایەن باوکیەوە کوژراوە.

سەردەشت

 

هەفتەی ڕابردوو، کاتێک بەنداوی سەردەشت بەتاڵ کرایەوە تەرمی ژنێکی گەنج لە بەنداوەکەدا دۆزرایەوە و بە لەبەرچاوگرتنی شێوازی کوشتنەکە، ئەگەری ئەوە هەبوو کە کوشتنی شەرەف بێت، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە ئەم کوشتنە ژنکوژی بووە و ناسنامەکەی ئاشکرا کرا.

 

بە گوێرەی زانیارییەکان ژنەکە گەنجەکە ناوی هایدە حەسەنزادە و تەمەنی ١٦ ساڵ بووە، و نزیکەی ٤ مانگ لەمەوبەر لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بێسەروشوێن کراوە و لەو ماوەیەدا خێزانەکەی پڕوپاگەندەی ئەوەیان کردووە کە کچەکەیان لە دەرەوەی ئێران بوو، بەڵام دەنگۆی زۆر لەسەر کوشتنی ناوبراو بڵاو بووەتەوە و دوای دۆزینەوەی تەرمی هایدە دەرکەوتووە کە، کوژراوە.

 

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان ئەم تاوانە ترسناکە بە بیانووی ئەوەی پێی دەوترێت شەرەف و بە هاندانی خەڵکی دەوروبەر ئەنجامدراوە، هایدە کە لە شاری ڕەبەت نیشتەجێیە و خاوەنی دوو خوشکی بچووکترە، ناسیاوەکانی پڕوپاگەندەی ئەوەیان کردووە کە ماوەیەکە درەنگ دێتەوە ماڵەوە و حیجابی داکەندووە، ئەمەش بووەتە مایەی شەرمەزاری بۆ خێزانەکەی، بە پێی تێبینییە سەرەتاییەکانی دوای دۆزینەوەی تەرمەکە، هایدە بە بەستنی بلۆکێک و بەستنەوەی دەست و دەمی بە چەسپ، بە شێوەیەکی ترسناک خنکێنراوە و فڕێدراوەتە ناو بەنداوی سەردەشتەوە.

 

دوایین جار کە هایدە بینرا، نزیکەی ٤ مانگ لەمەوبەر بوو، لە مانگی حوزەیرانی، بۆ کوشتنی فڕێدراوەتە بەنداوی سەردەشتەوەم ئێستاش دوای وشکبوونەوەی بەنداوی سەردەشت لە کۆتایی هاویندا لەلایەن هاووڵاتیانەوە دۆزرایەوە.

 

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، باوکی هایدە بە ناوی ئومێد حەسەنزادە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە، ئەم دەستگیرکردنە وەک هەنگاوێکە بۆ بەدواداچوون و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم تاوانە ترسناکە.