ژینگەپارێزان دژی بە کانگاکردنی بنی زەریاکان دەوەستنەوە

دەسەڵاتی نێودەوڵەتی بنی دەریاکان داواکاری بۆ بە کانگاکردنی بنی زەریاکان وەردەگرێت و ژینگەپارێزانیش ئەم کارە بە لەناوبردنی ژینگەی زەریاکان بەناو دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتی نێودەوڵەتی بنی دەریا لە مانگی تەمموزەوە دەستدەکات بە وەرگرتنی داواکاری لەو کۆمپانیایانە کە ئارەزووی بە کانگاکردنی بنی زەریاکان دەکەن، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردووشدا ئەم پرسە لە دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان مشتومڕی دروستکردووە، لەلایەکی دیکەوە، ژینگەپارێزان و چالاکوانانی ئاشتی سەوز-Green Peace ئەم کارە بە تێکدانی ژینگەی زەریاکان بەناو دەکەن و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

 

کانگاکردنی بنی زەریاکان بریتییە لە دەرهێنانی کۆبالت، مس، نیکل و مەنگەنیز لە بەردی بنی زەریاکان بە قووڵایی ٤-٦ کیلۆمەتر،  کە کەرەستەی گرنگن بۆ دروستکردنی پاتری و ناوچەی کلاریۆن-کلیپەرتۆن لە باکووری زەریای هێمن لە نێوان هاوایی و مەکسیک دەوڵەمەندە بەم جۆرە بەردانە.

 

ڕێکخراوی ئاشتی سەوز دژایەتی بە کانگاکردنی بنی زەریاکان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم کارە زیان بە نەهەنگ و گیانلەبەرە کێوییەکانی دیکەی ناو دەریا دەگەیەنێت و دەبێتە سەردەمی لەناوچوونی زەریاکان.

 

جێی ئاماژەیە، چین پێشەنگە لە بواری کونکردنی بنی زەریاکان، بەڵام شیلی، فەرەنسا، پالاو، فیجی و وڵاتانی دیکە داوای وەستاندنی چالاکییەکەیان کردووە لە ئاستی جیهانیدا، ئەمەش بە ئاماژەدان بە نیگەرانییەکانی ژینگە و نەبوونی داتای زانستی گونجاو.