لە ماوەی دەسەڵاتی سەدام حسێنەوە نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە عێراق بێسەروشوێنن

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، لە ماوەی دەسەڵاتی سەدام حسێنەوە نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە عێراق بێسەروشوێن بوون و ژمارەیەکی زۆر منداڵانی تێدایە.

ناوەندی هەواڵ

 

لیژنەی بێسەروشوێنبووان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند، لە ماوەی نیو سەدە ئاڵۆزی لە عێراقدا نزیکەی ملیۆنێک کەس بێسەرووشوێن بوون، هاوکات، داوای لە عێراق کردووە بەدوای قوربانیاندا بگەڕێت و تاوانباران سزا بدات.

 

ڕاپۆرتەکە لێکۆڵینەوە لە پێنج شەپۆلی ونبوون دەکات لە عێراق، لەوانە ونبوونی بەزۆر، ئەو ماوەیە دەگرێتەوە کە لە سەردەمی بەعسەوە دەستپێدەکات لە ساڵانی ١٩٦٨ بۆ ٢٠٠٣  کە بە دەسەڵاتی سەدام حسێن ناسراوە تا خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت لە ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨ تا ٢٠٠٣ لە عێراق نزیکەی ٢٩٠ هەزار کەس بێسەروشوێنکراون لەوانەش نزیکەی ١٠٠ هەزار کەسیان کوردن، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، ٢٠٠ هەزار عێراقی دەستگیرکراون و لە زیندانەکانی ئەمریکا و بەریتانیادان.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، شەپۆلێکی نوێی ڕفاندنیش هاوکات بووە لەگەڵ ڕاگەیاندنی دامەزراندنی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" لەلایەن چەتەکانی داعشەوە.

 

منداڵانیش بێسەروشوێنن

شێوازێکی دیکەی باو پەیوەندی بە ونبوونی بەزۆری منداڵانەوە هەیە، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەی ئێزیدی دوای ئەوەی لەدایکبوون کە دایکەکانیان دەستدرێژی سێکسیان کراوەتەسەر لەو کەمپانەی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بەڕێوەدەبرێن.

 

لیژنەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆی دەرکەوتووە، لە هەندێک حاڵەتدا دایکان ناچارکراون منداڵەکانیان لە هەتیوخانەکان بەجێبهێڵن و دوای گەڕانەوەیان بۆ عێراق بە مەبەستی ئەوەی بە زووترین کات بیانبەنەوە ماڵەوە، بەڵام کاتێک چوون بۆ گەڕاندنەوەیان، دایکەکان پێیان وتراوە منداڵەکانیان "بەخشراون" بە خێزانێکی دیکە کە گوایە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە هەندێک لە بریکارەکانی دەوڵەتەوە هەبووە.

 

سەدان خێزان هێشتا بەدوای کەسوکاریان دەگەڕێن کە گومانیان لێدەکرێت لە کامپەکانی تورکیا، سوریا یان ئێران بن، دوای دەیان ساڵ لە ململانێ و توندوتیژی سیاسی، ونبوونەکان بە تایبەتی ونبووە بەزۆرەکان بە کێشەیەکی زۆر گەورە لە عێراق دەستنیشانکراون.

 

خەمڵاندنە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە ساڵی ١٩٦٨ەوە نزیکەی یەک ملیۆن کەس دیارنەماون، هەرچەندە ئەستەمە ژمارەیەکی وردتر پێشکەش بکرێت.