لە ئەفغانستان هۆشداری لە زیادبوونی نەخۆشی سیل دەدرێت

ساڵانە نزیکەی ٧٥ هەزار کەس لە ئەفغانستان تووشی نەخۆشی سیل دەبن کە زۆربەیان ژنن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژی جیهانی نەخۆشی سیل-دا، کە یەکێکە لە گەورەترین کێشە تەندروستییەکانی جیهان و زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠٢١ بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە، وەزارەتی تەندروستی و پزیشکی سەر بە تاڵیبان بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی سیلی لە ئەفغانستان ڕاگەیاند.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ٢٤ی ئاداری وەک ڕۆژی جیهانیی نەخۆشی سیل ڕاگەیاندووە، ساڵانە دروشمی جیاواز بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە دادەنرێت و دروشمی "دەتوانین کۆتایی بە نەخۆشی سیل بهێنین" بۆ ئەمساڵ دیاریکراوە.

 

شەرەف زەمان، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان ڕۆژی هەینی ٢٤ی ئادار ئاماژەی بەوەدا، ساڵانە نزیکەی ٧٥ هەزار کەس لەو وڵاتەدا تووشی نەخۆشی سیل دەبن، زیاتر لە نیوەی ژنن.

 

ئەفغانستان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین نەخۆشی سیلی تیدایە، لە سەرتاسەری وڵات ٨٥٠ بنکەی تەندروستی کار دەکەن بۆ یارمەتیدانی ئەو نەخۆشانە، لە ئێستادا تەنها یەک سەنتەری چارەسەری نەخۆشی سیل لە کابول هەیە، کە دەتوانێت نەخۆشانی سیل چارەسەر بکات.