سەمسور، بارانبارین ئازاری زیانلێکەوتوانی بوولەرزەکەی زیاتر کردووە

خەڵکی شاری سەمسور لە باکووری کوردستان، بەهۆی زریان و بارانبارینی زۆر و سەختیەوە، چەند ڕۆژێکە لەناو چادرەکاندا نەیانتوانیوە بخەون، بەهۆی ترسیان لەوەی چی ڕوودەدات.

مەدینە مامەد ئۆغڵو

 

 سەمسور - تا ئێستا برینەکانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە ساڕێژ نەبووە، ژیانی ناو چادرەکانی سەمسور ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەختر دەبێت بەهۆی باران و زریانی زۆرەوە، ئەو کەسانەی بەهۆی زریانی بەهێزەوە نەیانتوانی لە چادرەکانیان بمێننەوە، پەنایان برد بۆ ماڵە زیانلێکەوتووەکانیان، لە کاتێکدا قوربانیانی بوومەلەرزە کە ماڵەکانیان بە تەواوی وێران بووە لەناو چادرە تەڕەکاندا چاوەڕێ دەکەن، کە بە ئاوی باران دەورە دراون.

 

ناو چادرەکان بووە بە شوێنێکی پڕ لە قوڕ و دەریاچەیەکی باران کە هەموو ئەو شتانەی خەڵک بە سەختییەکی زۆرەوە کڕیبوویان، بە تایبەت دوای ئەوەی لە بوومەلەرزەکەدا بەسەریاندا هات، لافاو لێیدا و هیچ شوێنێکی تریان نییە لەناو ئەو چادرە تەڕانەدا، لە نەبوونی هاوکاری شارەوانی یان بەرپرسانی ئافاد، خەڵکی هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی بژین.

 

"٣ ڕۆژە نەمتوانیوە بخەوم"

زەینەب تۆک ئاماژەی بەوەکرد، کە هیچ هاوکارییەکی وەرنەگرتووە و لە دوای بوومەلەرزەکەوە چادریەکی دەست نەکەوتووە، تیمەکان هەموو ڕۆژێک ناوی تۆمار دەکەن بۆ ئەوەی چادرێکی پێ بدەن، بەڵام بێ سوودە و دەڵێت: ئێمەش مرۆڤین، بۆچی هاوکاریمان ناکەن؟ سێ ڕۆژە نەمانتوانیوە بخەوین، لە چادر بمێنینەوە لەبەر باران ئێمە لێرە بە برسێتی دەمێنینەوە تەنانەت سەگەکانیش ناتوانن لێرە بمێننەوە لە ئاو و قوڕدا، ئێمە تێیداین چۆن دەتوانین لێرە بخەوین، تەنانەت ئەم چادرە چادرەکەی ئێمە نییە بۆ کەسانی تر بووە و بەهۆی توندی زریانەکەوە بەسەر دوو نیوەدا دابەش بووە، ئەگەر بمانکوژن پێموایە باشتر دەبێت بۆ ئێمە لەم دۆخە، نە پارەمان هەیە و نە جێگا و هیچی ترمان نییە، ئێمە لە هیچدا دەژین.

 

"منداڵان و نەخۆشەکان لە چادرە تەڕەکەدا دەمێننەوە"

ئەلیف کارا باس لەوە دەکات کە ئەوان لە چادرێکی تەڕدا ماونەتەوە، چونکە هیچ شوێنێکی تریان نەبووە بچن، "تەنانەت لێرە شارەوانی هەیە، ئەگەر شارەوانی بێتە ئێرە، ئەوا دەتوانێت چارەسەرێک بدۆزێتەوە، لەم چادردا منداڵێک هەیە تەمەنی تەنها دوو مانگە، دە کەسیش لێرە دەژین، بەڕاستی نازانم چۆن دەتوانین لێرە بژین."