ژنانی عەفرین: هیوامان گەڕانەوەیە بۆ عەفرین

ژنانی عەفرین کە بەهۆی داگرکاری دەوڵەتی تورکەوە چوونەتە حەلەب و لەوێ نیشتەجێ بوون، بەهۆی بوومەلەرزەوە حەلەبیان بەرەو کانتۆنی شەهبا بەجێهێشت، ئەو ژنانە باسیان لە دۆخی ژیانیان کرد و وتیان: هیوای ئێمە گەڕانەوەیە بۆ عەفرین.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا-لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بە قورسترین و قەدەغەکراوترین چەک هێرشی کردە سەر کانتۆنی عەفرین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، گەلی هەرێمەکە بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەردەوامبوون لە بەرخۆدانی خۆیان بەرامبەر هێرشە کۆمەڵکوژییەکان و لە ١٨ی ئاداری ئەو ساڵەدا دەوڵەتی تورک عەفرینی داگیرکرد، بۆ پاراستنی خۆیان سەدان هەزار کەس لە عەفرین کۆچیان کرد و بەرەو کانتۆنی شەهبا بەڕێکەوتن، لەبەرئەوەی شەهبا ناوچەیەکی بچووکە و چەندین خێزان لە ماڵێکدا دەژیان، هەندێک لە دانیشتوانی عەفرین جارێکی تر کۆچیان کرد بۆ بژێوی ژیانیان چوونە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب و لەوێ بەردەوام بوون لە بەرخۆدانیان.

 

لە بوومەلەرزەی ٦ی شوبات کە ناوەندەکەی مەرەش بوو چەندین شاری باکووری کوردستان زیانی زۆریان پێگەیشت و لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەلاتی سوریاش زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە، بەتایبەتی لە حەلەب کە پێشتر ئەو بینایانەی کە خەڵکێکی زۆر تێیدا نیشتەجێ بوون بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتبوو، هەندێکیان ڕووخان، بۆ ئەوەی خۆیان لەو زیانانە بپارێزن، گەل جارێکی تر کۆچیان کرد و گەڕانەوە بۆ شەهبا.

 

بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گەڕاینەوە بۆ شەهبا

ئامینە خەلیل، کۆچبەرێکی عەفرینییە کە لە حەلەب ژیاوە و ئێستا بە هۆی بوومەلەرزەکەوە لە شەهبایە، وتی: ئێمە بەهۆی تۆپباران و هێرشی دەوڵەتی تورکەوە لە عەفرین کۆچمان کرد و چووین بۆ کانتۆنی شەهبا، لە ماڵێکدا نزیکەی شەش خێزان پێکەوە ژیاین، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی سەختی ژیان چونکە شەهبا بچووک بوو و هەلی ژیان زۆر کەم بوو، بەو هۆیەوە چووین بۆ حەلەب و لەوێ بەردەوام بووین لە بەرخۆدانی خۆمان"، ئامینە لەکاتی بوومەلەرزەکەدا ناچاربووە تا بەیانی لەبەردەم باراندا بێت، بۆیە جارێکی تر ڕوو لە شەهبا دەکاتەوە و ئێستا ئەو و خوشکەکەی لە کامپدا دەژین.

 

"هیوامان گەڕانەوەیە بۆ عەفرین"

ڕۆلا حەمۆ ئاماژەی بەوەکرد، کە ژیانیان هەمیشە لە کۆچبەریدا بووە و وتی: ئێمە لە عەفرینەوە کۆچمان کرد بۆ شەهبا بەهۆی تۆپبارانی داگیرکارانەوە، دواتر کۆچمان کرد بۆ حەلەب و ئێستا گەڕاینەوە بۆ شەهبا، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە ماڵەکانمان لە حەلەب ڕووخان، چیتر ناتوانین جارێکی تر لەو خانووانە بژین، ئێستا لە ماڵی خزمەکانمم ئێمە نازانین چەند جاری تر کۆچ دەکەین، من سێ منداڵی بچووکم هەیە، لە حەلەبەوە هاتووم بۆ پاراستنیان، تاکە هیوامان ئەوەیە کە بگەڕێینەوە بۆ عەفرین.