لەو شارەی کاتژمێر لە ٤:١٧دا وەستا، دەوڵەت لەکوێ بوو؟

سەمسور دوای بوومەلەرزەکە لە شارێکی گەورەوە گۆڕا بۆ وێرانی، لە گۆڕستانەکان شوێن نەماوە و شارەکە بووەتە گۆڕستانێکی گەورە، خەڵک پەڕۆ و بەتانی و لەچکەکانیان بە کێلی گۆڕی خزمەکانیانەوە دەکەن و دەنگی لاواندنەوە بەرز دەبێتەوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سەمسور- پەڕۆ، پاڵتۆ، بەتانی، نوسین و تێبینی و بەیبوون و لاوانەوە، ئەو شتانەن کە لە گۆڕستانی شاری سەمسور دا دەبینرێت و دەبیسترێت، شارەکە دوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات بووەتە گۆڕستانێکی گەورە، نزیکەی هیچ کەسێک نییە خۆشەویستەکانیان لە دەست نەدابێت، سەدان کەس لە تەنیشت یەکترەوە نێژراون، بەردی گڵکۆی دایکان و منداڵ و باوکان و براکان بە ژمارە دیاریکراون و بە پارچە پەڕۆ بەیەکەوە گرێدراون، تا ئەوانەی خزمیان لەدەستداوە بتوانن گۆڕەکانیان بەم پەڕۆیە بناسنەوە.

 

بوومەلەرزەکە لە ٣٠ چرکەدا ٢٠٠٠ بینای ڕووخاند، نزیکەی ٨ هەزار بینا زیانیان بەرکەوتووە و هیچ ماڵێک نییە زیانی بەر نەکەوتبێ، لەو شارە کە بە گشتی وێران بووە و هەموو کۆڵانەکان وێرانبوون، هیچ شتێک وەک جاران نییە.

 

ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ١١ هەزار کەس

دوای بوومەلەرزەکە تاوەری کاتژمێر کە دەکەوێتە ناوەڕاستی بازاڕەوە لەسەر ٤:١٧ خولەک وەستاوە، هەروەها دیوارەکەی وێران بووە، لە شارەکدا ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردن بەردەوامە، ژمارەی گیان لەدەستدانیش لە شارەکە گەیشتە ١١ هەزار کەس، ئەو هاوڵاتیانەی کە لە سێ ڕۆژی یەکەمدا بەهۆی دواکەوتنی کاری گەڕان لە لایەن دەوڵەتەوە خۆیان کاری گەڕان و ڕزگاکردنیان کرد تا ئیستا بەردەوامن و وتیان "هەموو شتێک وەک ڕۆژی یەکەمە".

هاوڵاتیان وێرانکردنی شارەکە بەم وشانە دەردەبڕن: "زەحمەتە بەو شێوەیە ئەو شارە ببینی کە تێیدا لەدایکبوویت و گەورە بوویت"، لەو شارەی کە هێشتا تەرمەکان لە ژێر بیناکاندا دەردەهێندرێن، لە گۆڕستانی شارەوانییەکان بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژە سەدان کەس لە تەنیشت یەکترەوە بەخاک سپێردراون، هەموو ڕۆژێک تەرمەکان بەخاک دەسپێردرێن، هیچ ناوێک لە گۆڕستانەکاندا نییە، بەڵام خێزانەکان بە درێژایی ئەو ژمارەیەی کە نووسراون، یەکەمین پیتی ناوەی کەسوکاری ونبووەکانیان نووسیوە، لە کێلەکان پارچە پەڕۆ و پاڵتۆ و لەچکیان پێوە کردووە، لە گۆڕستانەکە دەنگی لاواندنەوە لە هەموو لایەکەوە بەرز دەبێتەوە.

 

مەریەم ساین ئاماژەی بەوەدا، لە ڕۆژی دووەمی بوومەلەرزەکە تەرمی خوشکەکەی بە دەستی خۆی لە ژێر داروپەردوو دەرهێناوە و دەڵێت: ئەمڕۆ ٩ ڕۆژ تێپەڕیوە، بە دەستی خۆم ئاسنەکانم دەشکاند و خوشکەکەمم ڕزگارکرد، هێشتا خەڵک لەژێر وێرانەکاندا دەردەهێنرێت، چۆن دەنگمان نابیستن، تەیب ئەردۆغانیش لە تەلەڤزیۆن دەردەکەوێت، ئێمە چووینە دەرەوە و نەمانتوانی دەنگی خۆمان ببیستین، دەوڵەت لە کوێیە؟ هێشتا خەڵک لە ژێر بیناکاندا هەن.

 

کاردانەوە بۆ تەیب ئەردۆغان: بۆچی دوای هەفتەیەک دێیت؟

مەریەم وتی: هیچ تەرمێک نییە، خەڵک ناتوانێت تەرمەکان ببینیت، دوای ٣٥ کاتژمێر، دوێنێ هاتن، بۆچی تەیب ئەردۆغان دوای هەفتەیەک دێت بۆ ئێرە، تۆ گەشت دەکەیت، ئایا دێیت بۆ سەیران؟ کاتی هەڵبژاردن تۆ یەکسەر دێیت بۆ ئێرە، لێرە زۆر گیان سووتان، درەنگ کەوتن، درەنگ کەوتن.