ژنانی بازاڕجیخ: کە ڕۆژ تەواو دەبێت کەس نامێنێت لە دەورمان

لە بازاڕجیخی ناوەندی بوومەلەرزەکە، ژنان کە شوێنی مانەوەیان نەماوە لە شەقامەکان و خانووە خراپەکاندا دەمێننەوە، دەڵێن: لەژێر بینا ڕووخاوەکاندا خەڵک بە داواکردنی یارمەتی گیان لەدەستدەدەن و کاتێک ڕۆژ تەواو دەبێت کەس نامێنێت.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

مەڕەش- لە ٦ی شوباتدا، دوای بوومەلەرزەکە بازاڕجیخ لە مەڕەش وێران بوو، لەو ناوچەیەدا مردنی بێدەنگ هەیە، کاتێک دەبێتە شەو تەنها شت کە شەقامەکان ڕووناک دەکاتەوە ئەو ئاگرەیە کە بۆ گەرمکردنەوە دەیکەنەوە، زیاتر لە ٥٠٠ کەس لەو شارە گیانیان لەدەستداوە، دوای سێ ڕۆژ گەڕان و ڕزگارکردن دەستیپێکردووە و زۆر بینا هەیە کە تا ئێستا کاری گەڕان تێیاندا دەستیپێنەکردووە.

 

ماوەی چوار ڕۆژە نە کارەبا و نە ئاو هەیە

ئەو شارۆچکەیەی کە ئێمە کۆڵان بە کۆڵان تێیدا گەڕاین، شاهیدی ئەوە بووین کە هێشتا هیچ کارێک لەسەر چەندین بینا ئەنجام نەدراوە، ئەو خێزانانەی ماڵەکانیان وێران بووە، ماوەی چوار ڕۆژە کارەبا و ئاویان نییە و دەڵێن: کاتێک ڕۆژ تەواو دەبێت، کەس نامێنێت.

 

خەڵک بە داواکردنی یارمەتی دەمرن

گوڵو زەنگنۆز لەگەڵ منداڵەکانی لەبەردەم خانووە ڕووخاوەکەیدا بە سێ بەتانیەوە هەوڵ دەدات خۆیان گەرم بکەنەوە، ئاماژەی بەوەکرد کە سێ ڕۆژ پێش ئێستا خەڵک لەژێر بینا ڕووخاوەکاندا داوای یارمەتییان دەکرد و ئەوانەی لەژێر بیناکاندا مابون بەهۆی دواکەوتنی دەستپێکردنی هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردن گیانیان لەدەستداوە، هیچ شوێنێک نییە کە ئێمە بڕۆین، کەس ئێمە نابینێت، هیچ یارمەتییەک نییە، کارەبا نییە، ئاو نییە، ئێمە ژیانمان دەخەینە مەترسیەوەو لەژیر بینا ڕووخاوەکاندا شت دەهێنین".

 

ئەلیف چاوەڕێی هەواڵێکە لە دایکیەوە کە لە ژێر بینای ڕووخاودا ماوەتەوە

ئەلیف ئۆزچەرکەس، کە چەند ڕۆژێکە لە چاوەڕێی دایکیەتی لەژێر بینای ڕووخاودایە، ئاماژەی بەوەکرد کە دەنگی دایکی لە ژێر بینا ڕووخاوەکەدا هاتووە و ڕۆژانە چاوەڕێی هەواڵ دەکات و وتی: "لێرە تازە کاری گەڕان دەستیپێکرد، دوێنێ گوێیان لە دەنگی دایکم بوو، دایکم لە ژێر ئەم بینایەدا و باوکم خۆی فڕێدا چونکە لە نزیک بالکۆنەکە بوو، من باش نیم، بیری دایکم و باوکم دەکەم، ئەم دۆخە بۆ هەموو کەسێک زۆر جددیە، کوڕێکم و هاوژینەکەی و دوو منداڵی گیانیان لەدەستداوە، ئێمە خەڵکێکی زۆرمان لە دەستداوە و لێرە چاوەڕوانی هەواڵی دایکم دەکەم".

 

خۆیان ناگەیەننە کەس

ڕەمزیە ئەل، وەک هاوڵاتیانی دیکە، لەسەر شەقام دەژی و قسەکانی حکومەتی بەدرۆخستەوە کە دەڵێت "ئێمە گەیشتینە هەموو کەسێک" ڕەمزیە وتی: "لێرە خۆمان هەموو شتێکمان کرد، هیچ شوێنێک نییە کە ئێمە بۆی بچین، ماڵەکەم ڕووخاو وێران بووە، من هەوڵ دەدەم بچم بۆ ماڵەوە شت بێنم و بۆ منداڵەکانمی دروست بکەم، خەڵک هاوکاری کەسی دەهێنن و ئافاد نەهات و کەسمان نەبینی، یەک بەرپرسمان نەبینی لێرە، سەیری بارودۆخی ئێمە بکە، لە پێشمان دایکێک لاشەی منداڵێکی دەرهێنا، ئەمەش خەڵکی بەهەوڵ و کۆششی خۆی دەریهێنا".

 

"زۆر کەسی خۆشەویستم لەدەستدا"

ئەلیف ڤارسۆز، وتی: "من لەگەڵ منداڵەکانم لە دەرەوەم بوومەلەرزەیەک ڕوویدا، ئێمە تێنەگەیشتین کە ئەوە چیە، ئێمە خۆمان بەزۆر ڕزگارکرد، زۆر کەسی خۆشەویستمم لەدەستدا، ئێستا ئێمە لە دەرەوەین، ئێمە لەبەردەم ماڵەکەمانین، ئەوان دەڵێن یارمەتی هەیە، بەڵام ئێمە هیچ یارمەتییەکمان نەبینیوە بێتە ئەم گەڕەکە".