ڕژێمی ئێران ستەمکارییەکانی گەشتووەتە لوتکە

ڕژێمی ئێران ستەمکارییەکانی گەشتووەتە لوتکە، سەدان خۆپیشاندەر لە زیندانەکاندا ماونەتەوە و سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت، هاوکات لانیکەم ١٠٩ خۆپیشاندەر مەترسی سەپاندنی سێدارەیان لەسەرە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە پێشەنگایەتی ژنان دژی حیجابی زۆرەملێ، سەپاندنەکانی ڕژێم، سزای سێدارە و زیندانی، گەندەڵی و دۆخی خراپی وڵاتەکە، ڕژێمی ئێران کردە تاوانکارییەکانی گەشتووەتە لوتکە، نزیک دەبێتەوە لە چوار مانگ ڕاپەڕین بەردەوامە، سەدان چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و خۆپیشاندەر لە زیندانەکاندان و لانیکەم ١٠٩ خۆپیشاندەر مەترسی سەپاندنی سێدارەیان لەسەرە.

 

دەستگیرکردن و زیندانی و دانی کەفالەت بۆ ئازادکردنی خۆپیشاندەران بەردەوامە و بێ سڵەمینەوە گەنجان و ژنان و خۆپیشاندەران بە کردنەوەی ئاگر و نوسینی دروشم و چوونە سەر گۆڕی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە، سووربوونی خۆیان لەسەر ناڕەزایەتی و بەردەوامی دەردەبڕن.

 

نازەنین کەینەژاد، وەرگێڕ و چالاکی ڕیکلام و ستراتیژی ناوەڕۆک، لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرا و گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ئەڤین و دواتر بۆ زیندانی قەرچاک لە وارامین، بابەک ڕەزاخانی، هاوژینی پێشووی نازەنین، دوێنێ لە تویتێکدا نووسیویەتی: نازەنین کەینژاد بە چوار ساڵ زیندان و دوو ساڵ قەدەغەکردنی دەرچوون لە وڵات، هەروەها دوو ساڵ قەدەغەکردنی ئەندامێتی لە حزب و گروپەکاندا سزادراوەم هەروەها دوو ساڵ قەدەغەکردنی فەزای ئەلیکترۆنی لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بەسەردا سەپێنراوە.

 

ئەنجومەنەکانی سەندیکای خوێندکارانی وڵات ڕایانگەیاند، مریەم کارگەر کرمی، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی فیردەوسی مەشهەد و پارێزەری بنەڕەتیی دەزگایەکی دادوەری، لەلایەن ئەنجومەنی ئینتزامی زانکۆوە بە تۆمەتی "دروستکردنی ئاژاوە لە ژینگەی زانکۆدا" ڕێگری لێکراوە کە بەشداری دوو وەرزی زانکۆ بکات.

 

مریەم کارگەر کرمی، کە وەک مامۆستا لەم زانکۆیە وانەی دەگوتەوە، دوای ٣ هەفتە لەسەر پاڵپشتیکردنی خوێندکارە ناڕازییەکان لە کارەکەی دوورخرایەوە و وانەکانی درایە مامۆستایەکی دیکە.

 

کەناڵی "ئەنجومەنەکانی سەندیکای خوێندکارانی وڵات" ڕایگەیاند کە هەواڵێکیان پێگەیشتووە، غەزەل ئەمیری، خوێندکاری زانکۆی شیراز لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی تشرینی دووەمدا گیانی لەدەستداوە، دوای ئەوەی بە چەقۆیەک لە سەری درا.

 

بە پێی ڕاپۆرتەکە، غەزەل ئەمیری، خوێندکاری زانکۆی شیراز، لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا بە دارێک لێیدراوە، بەڵام بە هۆی ترسی دەستبەسەرکردنەوە نەچووەتە نەخۆشخانە، ڕۆژی دواتر باری تەندروستی غەزەل خراپتر بووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

 

دوێنێ، ١٠ی کانوونی دووەم، سەحەر ئازەرپیرا پاش ٨٤ ڕۆژ دەستبەسەری لە زیندانی "دەوڵەت ئاباد" لە ئیسفەهان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا، کە خوێندکاری هونەری زانکۆی ئیسفەهانە و بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی بەبێ حیجابی ئیجباری لە یەکێک لە شەقامەکانی ئیسفەهان دەستگیرکراوە، ئێستاش بەشێوەیەکی کاتی لە زیندانی دەوڵەت ئاباد لە ئیسفەهان ئازاد کراوە.

 

لە کاتی دەسبەسەرکردنی سەحەردا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەتیی وەک لاپتۆپ و مۆبایل و فلاش میمۆریدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

 

هەروەها فاتمە مورادی و ئاسو مرافی، دوو خوێندکاری زانکۆی تەکنیکی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێنران، بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ناسنامەی ئەو خوێندکارانە بە ناوەکانی فاتمە مورادی خەڵکی ئیلام و ئاسو مرافی خەڵکی سەلاس باباجانییە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی تۆمەتەکانیان و شوێنی مانەوەیان لەبەردەستدا نییە.