بەشێک لە ژنان و چالاکوانانی ڕۆژهەڵات بە دانانی کەفالەت ئازاد کران
ژنانی چالاکوانی دەستگیرکراو ناچار دەکرێن بە پێدانی بڕێک پارە وەک کەفالەت ئازاد بکرێن.
ناوەندی هەواڵ
دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەردەوام ژنان و چالاکوانان بە بیانووی بەشداری کردنیان لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیر دەکرێن، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران نوێترین ڕاپۆرتی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لانیکەم ١٠٩ خۆپیشاندەر مەترسی سەپاندنی سزای سێدارەیان لەسەرە.
ئەو ژنە چالاکوانانەی کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستیگیرکران، بە پێدانی بڕێک کەفالەت ئازادکران.
لەیلا حوسێن زادە چالاکی مەدەنی و سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی ناوەندیی سەندیکای کرێکارانی خوێندکارانی زانکۆی تاران، خوێندکاری زیندانیکراوی زیندانی ئەڤین و عادل ئاباد، دوای چوار مانگ لە دەستبەسەرکردنی، بە دانانی کەفالەت ئازاد کرا.
لەیلا چوار ڕۆژ پێش ئێستا لە زیندانی عادل ئابادەوە لە شیراز بۆ زیندانی ئەوین گواسترایەوە، لە ماوەی دەستبەسەرکردنیشیدا، چەندین جار مانی لە خواردن گرتووە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لێپرسینەوەکانی و ڕەتکردنەوەی دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی.
نازیلە مەعروفی، پەیامنێر و خوێندکاری زانکۆی عەلامە تەباتەبایی کە بەهۆی چاوپێکەوتن لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینی دەستگیرکرابوو، لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا و لەژێر فشاردا بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ توشی دوو جەڵدەی دڵ بووە، بە دانانی کەفالەت ئازاد کرا.
لە کاتی دەستگیرکردنیدا دوو دۆسیەی جیاجیا لە دژی نازیلە تۆمارکراوە، کە یەکێکیان ڕەوانەی لقی ٢٦ی دادگای گشتی و ئینقلابی تاران و دۆسیەیەکی دیکەیان بۆ لقی ١٠٢٤ی دادگای تاوانەکانی ٢ی تاران کراوە.
ژیلا خەیر، چالاکوانی سەندیکای مامۆستایان کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران دەستگیرکرابوو، بە دانانی کەفالەت بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، ژیلا لە هەڵمەتێکی هێزە ئەمنییەکاندا لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری کارزۆن دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی عادل ئاباد لە شیراز، لە ئێستادا بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی دانیشتنی دادگا بە کەفالەت ئازادکرا.
سۆنیا ڕەحمان زادە و زوهرا جەم، خوێندکاری هونەری زانکۆی تەربیەت مودەریسی تاران لە کاتی نارەزایەتیەکاندا دەسگیرکران و گواسترانەوە بۆ زیندانی ئەڤین، بە دانانی کەفالەتی کاتی تا کۆتایی دانیشتنی دادگا ئازاد کران.
هەروەها ئیلهام مودەریسی، کە لە زیندانی کاچۆی دەستبەسەرکراوە، ژیانی لە مەترسیدایە، بە پێی وتەی خوشکەکەی، ناهید مودەریسی، ئیلهام لە ڕووی جەستەیی و دەروونیەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە، لەکاتێکدا تازە جگەری بۆ چێندراوەتەوەم بەڵام ئەشکەنجەی جەستەیی دەدرێت، هەروەها بە لێدان و کارەبا ئەشکەنجەدراوە و لە ئێستادا مانی لە خواردن گرتووە.