زیاتر لە دوو مانگە چارەسەری بۆ کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوا نەخراوەتە ڕوو

لە دوای دوو مانگ و نیو لە دامەزراندنی دەستەی داکۆکیکارانی نەخۆشخانەی هیوا و هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی نەخۆشخانەی هیوا، حکومەتی هەرێم و عێراق چارەسەرییان بۆ کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوا نەخستووەتە ڕوو.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ دەستەی داکۆکیکارانی نەخۆشخانەی هیوا، لە نەخۆشخانەی هیوا کۆبوونەوەیەکی فراوانیان لەگەڵ ئەندام پەرلەمانانی کورد لە بەغدا و هەولێر، نوێنەری وەزارەتی تەندروستی، نەخۆشخانەی هیوا، تالاسیمیا و نەخۆشخانەی تیشک بۆ نەخۆشیەکانی شێرپەنجە ئەنجامدا.

 

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کەموکورتییەکانی حکومەتی عێراق و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان کرا، دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەرەنجامی کۆبوونەوەکە خرایەڕوو.

 

"زیاتر لە دوو مانگە حکومەتی عێراق و هەرێم چارەسەریان بۆ کێشەکان نەخستووەتە ڕوو"

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەهار مونزیر، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری دەستەی داکۆکیکارانی نەخۆشخانەی هیوا ڕوونیکردەوە، ماوەی دوو مانگ و دوو ڕۆژە دەستەی داکۆکیکارانی نەخۆشخانەی هیوا دامەزراوە و کاردەکات، بەڵام تا ئێستا چارەسەرێکی بنەڕەتی لەلایەن حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە ئاشکرا نەکراوە، تەنها دابینکردنی بڕە پارەیەک نەبێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو کە وەک دەستەکە هەوڵی زیاتر دەدەن و دەچنە بەردەم ئەو لایەنانەی چارەسەری کێشەکانیان لەلایە، ئامادەن لە بری تەنها یەک شەونخوونی دەیان شەونخوونی بکەن، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوا، هەروەها ڕاستەوخۆ داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکات بێنەر سەر خەت و چیتر بێدەنگ نەبن لە کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوا.

 

"جگە لە دەرمان، ئامێر و بینای نەخۆشخانەی هیوا لە ئاستێکی خراپدان"

پزیشک یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی بەوەدا، یەکەمین گرفتی نەخۆشخانەی هیوا دەرمانە گرانبەهاکانن کە بە نزیکەی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ نەخۆش چاوەڕێی ئەو دەرمانانەن، ماوەی ٨ مانگە یەک دەرزی نەکڕدراوە بۆ نەخۆشخانەی هیوا، هەروەها سەنتەرە شێرپەنجەییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی هیچ بڕە پارەیەکیان وەرنەگرتووە، ئەگەر تا ماوەی هەفتەیەکی تر بڕە پارەیان بۆ دابین نەکرێت ناتوانن نەخۆش چارەسەر بکەن.

 

"پەککەوتنی ئامێرەکان گرفتێکی دیکەی نەخۆشخانەی هیوا و سەنتەری ژیانەوەیە کە نەخۆش هەیە تەنها بە تیشک چارەسەری بۆ دەکرێت، جگە لەوەی بینای نەخۆشخانەی هیوا گونجاو نییە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی شێرپەنجە و لە بنەڕەتدا لە شوێنێک دروستکراوە کە شوێنێ فڕێدانی زبڵە"، داواکاریشن پڕۆژەی هیوای گەورە جێبەجێبکرێت بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە چارەسەری هەیە لە کاتی خۆیدا چارەسەریان بۆ بکرێت، چونکە نەخۆشخانەی هیوا تەنها چارەسەری نەخۆشی شاری سلێمانی ناکات، بەڵکو سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێم و عێراق چارەسەر دەکات.

 

"دوو ئیدارەیی حکومەتی هەرێم شۆڕبووەتەوە بۆ نەخۆشییەکانی شێرپەنجە"

سۆران عومەر، ئەندام پەرلەمانی عێراق، باسی لەوەکرد، دوو ئیدارەیی لە مامەڵەکانی حکومەتی هەرێم لە نێوان سلێمانی و هەولێر گەیشتووەتە نەخۆشەکانی شێرپەنجە، بە جۆرێک سندوقی شێرپەنجە پارەکەی براوە و پارەی تیانەهێڵدراوە، هەروەها حکومەت ئەو بڕیارەی کە دەریکردبوو بە پێدانی بڕە پارەی گومرگ و باج و پێدانی بە نەخۆشخانەی هیوا جێبەجێی نەکردووە و هیچ بڕە پارەیەکی نەکردووەتە سندوقی نەخۆشخانەی هیواوە.

 

"حکومەت دەڵێت کە دەبێت نەخۆشخانەی هیوا لە داهاتی شاری سلێمانی پارە وەربگرێت، بەڵام شاری سلێمانی کەس نازانێت داهاتەکەی چی لێدێت و بۆ کوێ دەبرێت، لە کاتێکدا هێنانی خواردنی خراپ و دروستکردنی ژینگەیەکی ناتەندروست هۆکارە بۆ زیادبوونی شێرپەنجە".

 

"کێشەی نەخۆشخانەی هیوا دەبێت بە هەماهەنگی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت"

شەددە بەشیر، ئەندامی دەستەی دەستەی دامەزرێنەری دەستەی داکۆکیکارانی نەخۆشخانەی هیوا، تایبەت بە نوژنها ئاماژەی بەوەدا کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوا پەیوەندی هەیە بە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆیە بە پێویستمان زانی لەگەڵ نوێنەرانی هەردوولا کۆبوونەوە بکەین و بگەینە دەرەنجامێک کە هەوڵبدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

 

شەددە بەشیر وتیشی: لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەو بەڵێنانەی دراون بۆ چارەسەری کێشەکانی شێرپەنجە و نەهاتنەسەر خەتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وەک دەستەی داکۆکیکارانی نەخۆشخانەی هیوا چالاکی مەدەنی دیکە ئەنجامدەدەین.

 

دەستەی داکۆکیکارانی نەخۆشخانەی هیوا لە ١٠ی نیساندا خۆی ڕاگەیاند، پێکدێن لە کۆمەڵێک ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوی ژنان و مافی مرۆڤ و ئامانجیان فشار خستنەسەر حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارە تا کێشە و کەموکورتییەکانی نەخۆشخانەی هیوا چارەسەر بکرێت.

یەکێک لە چالاکییەکانی دەستەکە چادر هەڵدان بوو لەبەردەم نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی و ١٦ی ئایار چادریان هەڵدا و شەونخوونییان کرد وەک پشتیوانییەک لە نەخۆشانی نەخۆشخانەی هیوا.