"پەیەدە ئامادەیە بۆ یەکڕیزی و گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان"

شەریفە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە باسی لە بڕیارەکانی کۆنگرەی پارتەکە کرد و ڕایگەیاند، گرنگی بە بەرژەوەندیی گەل دەدەن، هەمیشە ئامادەن بۆ یەکڕیزی کورد و دانوستان لەگەڵ هەموو لایەنەکان.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- ڕۆژانی ٢١-٢٢ی ئەیلوول، دەیەمین کۆنگرەی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە لە شاری حەسەکە لە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەچوو، لە هەردوو ڕۆژەکەدا پێداچوونەوە بە زۆر بابەتدا کرا، گۆڕانکاری و بڕیاری نوێ پەسەند کرا.

 

شەریفە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە، لە بارەی کۆنگرەکەوە وتی: بەستنی کۆنگرە لە دۆخی هێرش و ئاوارەیی و سەختیدا گەورەترین و پیرۆزترین هەنگاوە، پەیەدە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا، لە ئاستی یەکەمدا بەردەوام بووە لە خەباتی بۆ گەل، وەک هەموو لایەک دەزانن پارتی ئێمە پارتێکی سیاسییە، بەڵام لە هەمان کاتدا چالاکییەکانی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگەیە.

 

گۆڕانکاری لە کۆنگرەی نۆیەمدا

شەریفە محەمەد ڕایگەیاند، لە کۆنگرەی دەیەمدا و بە ئامادەبوونی ٧٠٠ نوێنەر، زۆر بابەتی گرنگ تاوتوێ کران و بڕیاری نوێ درا و وتی: بێگومان هەڵبژاردن ئەنجامدرا، هاوسەرۆکی نوێ هەڵبژێردرا، چونکە گۆڕانکاری لە ناودا هەیە سیستمی پەیەدە ئەندامانی نوێی ئەنجومەن هەڵبژێردران، ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەن لابران و هەندێکی دیکەش هەڵبژێردران، لە هەمان کاتدا ژمارەی ئەندامانی نوێ ڕاگەیەندرا، لە کۆنگرەی نۆیەمدا ژمارەکە زیادکرا، بەڵام لەم کۆنگرەیەدا ژمارەکە کەمکرایەوە، هەروەها دەستەی هاوسەرۆکایەتی کە لە ٦ کەس پێکهاتبوون دیاریکرا.

 

"ئەنجومەنی ژنان و گەنجان ڕۆڵێکی جەوهەری لە پارتەکەدا دەگێڕێت"

 شەریفە محەمەد ئاماژەی بەوەدا، ژنان و گەنجان ڕۆڵێکی گرنگ لە پەیەدەدا دەگێڕن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: سیستمەکەمان پشت بە سیستمی هاوسەرۆکایەتی دەبەستێت کە ژن و پیاو پێکەوە کاردەکەن، دەبینین ئەنجامی کۆنگرە سەرکەوتوو بوو، سەرکەوتنەکانی پارتیمان پشت بە ڕۆڵ و کاری ژنان و گەنجان دەبەستێت، بە دڵنیاییەوە ڕۆڵێکی گرنگیان لە پارتەکەدا هەیە، پێش کۆنگرەی گشتی کۆنفرانسی ئەنجومەنی ژنان و گەنجان لەناو پارتەکەدا بەڕێوە دەچوو، لە هەردوو کۆنفرانسەکەدا یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بوو، هەمان ئامانج لە کۆنگرەی پەیەدەدا جەختی لەسەر کرایەوە.

 

ئامانجەکانی پەیەدە بۆ داهاتوو

شەریفە محەمەد تیشکی خستەسەر بڕیارەکان بۆ داهاتوو واتە ئەو ئامانجە سەرەکیانەی کە پەیەدە بۆ ئایندە دایناوەو لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: نەک تەنها لە کۆنگرەدا، پەیەدە هەر لەسەرەتاوە خەباتی بۆ ڕزگارکردنی خاکە داگیرکراوەکان کردووە،هەروەها ئامادەیە بۆ یەکڕیزی کورد و دانوستان لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سووریا بە حکومەتی شامیشەوە هاوکات سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ئێمە، دەڵێین ئامادەین بۆ دانوستان لەگەڵیان، ئێمە شەڕمان ناوێت، بەڵام بێگومان بەرخۆدان دەکەین بەرامبەر ئەوانەی هێرش دەکەنە سەرمان، بێگومان ئێمە ئامادەین بەرەنگاری هەموو هێرشەکان ببینەوە.