نەسرین ستودە: ئێمە بە هیچ ناوێکەوە شەڕمان ناوێت

نەسرین ستودە، پارێزەر و چالاکوانی مافی مرۆڤ، سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرژیی نێوان وڵاتانی ئێران و ئیسرائیل وتی: وەک ئێرانییەک نامانەوێت وەڵامی ئەو کارە نایاساییەی حکومەتێک، لەگەڵ کردەوەی نایاسایی هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بدەینەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

نەسرین ستودە، پارێزەر و چالاکوانی مافی مرۆڤ، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو و هاوکاتی مەراسیمی ئارمیتا گراون دەستگیر کرا و ئەم مانگە بە بارمتەی گرێبەستی خانووبەرە لە زیندانی ئەڤین ئازاد کرا، لە بارەی دۆخی نالەباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرژیی نێوان ئیسرائیل و ئێران وتارێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی؛

 

"ئێمە دەزانین لە دۆخێکی ئاڵۆزداین کە هەر جۆرە بڕیارێک قورس دەکات، ئێمە دەزانین کە کاتێک ئیدانەی بارمتەگرتنی خەڵکی مەدەنی لە ٧ی تشرینی یەکەم دەکەین، هەڵوێستێکی هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل دەدۆزینەوە، کاتێک ئێمە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ئیدانە دەکەین، بەداخەوە هەڵوێستی ئێمە لە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی نزیکترە، ئێمە ناتوانین پاساو بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق بهێنینەوە، هەروەک چۆن ناتوانین پاساو بۆ بارمتەگرتنی ئەندامانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ٤٤ ساڵ لەمەوبەر بهێنینەوە. بەڵام وەک ئێرانییەک نامانەوێت بە کردەی نایاسایی هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەڵامی ئەو کارە نایاساییەی حکومەتێک بدەینەوە.

 

یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، چرای ڕێنماییکارمانن لە دۆخە سەختەکاندا. کەواتە، لە ناوەڕاستی ئەو هەموو ئاڵۆزییانەدا، ڕەنگە ژیرترین شت ئەو کارەی ئەفریقای باشوور بووبێت، کە کردەوەکانی ئیسرائیلی بردە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و وایکرد کارەکانی ئەم حکومەتە لە ٧ مانگی ڕابردوودا وەک جینۆساید و تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

 

بەڵام ئێران بە کردەوەکانی ئەم دواییە سەرنجی لە کارە نایاساییەکانی ئیسرائیلەوە بۆ کارەکانی خۆی ڕاکێشایەوە و شانسێکی دیکەی دایەوە بە ئیسرائیل، لەم نێوەندەدا ئایا ئێران زیاتر یارمەتی گەلی فەلەستینی داوە یان ئەفریقای باشوور؟

 

ئێمە بە هیچ ناوێک شەڕمان ناوێت".