کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتە ٣٤ هەزار کەس

بە پێی نوێترین ئامار زیانلێکەوتوانی کەرتی غەززە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٤ هەزار و ٤٩ هاوڵاتیی كوژراون و ٧٦ هەزار ٩٠١ كەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندرووستی غەززە و وەزارەتی تەندرووستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستی غەززەدا هاتووە: بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٤ هەزار و ٤٩ هاوڵاتیی لە غەززە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٧٦ هەزار و ٩٠١ كەس.

 

بەهۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٣٧ كەس لە غەززە كوژراون و ٦٨ـی دیكەش بریندار بوون، ئەوەش خراوەتەڕوو، ١٩٧ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.

 

لەلایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش برینداربوون.