بە چاندنی نەمام و ئازادکردنی باڵندە ڕۆژی ژینگەی کوردستان بەڕێوەچوو

ڕێکخراوی ژینگە پارێزی بازیان، لەپارکی هەواری شار بە ئازادکردنی ٥٠٠ باڵندە و چاندنی نەمام یادی ڕۆژی ژینگەیان کردەوە.

سلێمانی

 

١٦ی نیسانی ساڵی ١٩٨٧ ڕژێمی بەعس ناوچەی بالیسان و شێخ وەسانان، کە سەر بە سنوری پارێزگای هەولێرن، کیمیاباران کرد و ژینگەی کوردستانی تێکدا، بەوهۆیەوە ڕۆژی ٧ی نیسانی ٢٠٠٨، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ١٦ی نیسانی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی ژینگەی کوردستان دیارییکرد، چونکە یەکەمجار بوو ڕژێمی بەعس بەو چەکە قەدەغە کراوە بۆردوومانی خەڵک بکات لە باشووری کوردستان و بەهۆیەوە، ٢٣٧ کەس لە دانیشتووان گیانیان لەدەستداو دەیانی دیکە برینداربوون.

 

لەو چوارچێوەیەدا، پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ لە پارکی هەواری شار لە شاری سلێمانی، لەلایەن ڕێکخراوی ژینگە پارێزی بازیان فێستیڤاڵێک ڕێکخرا و چەند چالاکییەکی وەک ئازادکردنی ٥٠٠ باڵندە و چەند جۆری تری ئاژەڵ لە پارکی هەواری شار و نەمام چاندن بەڕێوەچوو.

 

لە درێژەی فێستیڤاڵەکەدا چەند نەمامێک چێندران و ٢٠٠ هێلانەی باڵندە بە درەختەکانی هەواری شارەوە هەڵواسران.

 

خەرمان محەمەد، لێپسراوی باخچەکانی هەواری شار، دەربارەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە وتی: لە ڕۆژی ژینگەیی کوردستاندا چەند چالاکییەکمان بە هاوکاری ڕێکخراوی ژینگەپارێز ڕێکخست، ئامانجمان ئازادکردنی ئاژەڵان و ڕواندنەوەی درەخت بوو بۆ زیاتر گرنگیدان بە سروشت.