لە شەنگال پێشبڕکێی ڕاکردن بۆ گەنجان بەڕێوەچوو

لە چوارچێوەی هەنگاوی "وەرن بۆ جەنگی ئازادی" بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی گەنجی شەنگال و یەکێتی گەنجانی ئێزدیخان، پێشبڕکێی ڕاکردن لە کۆمەڵەی بۆریک ڕێکخرا.

هێڤی ئێزدا

 

شەنگال- لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هەنگاوی "وەرن بۆ جەنگی ئازادی"، پێشبڕکێی ڕاکردنی ٥ کیلۆمەتری لە کۆمەڵەی بۆریک لە شەنگال بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی گەنجی شەنگال و یەکێتی گەنجانی ئێزدی ڕێکخرا، پێشبڕکێ بۆ گەنجانی شەنگال لە دەروازەی بۆریکەوە بۆ خاڵی پشکنینی ئێزدیخان شەهید قاسم بەردەوام بوو.

 

١١٢ ژن و گەنج لە هەموو گوندەکان و ناوچەکانی شەنگال و باشووری کوردستان وەک زاخۆ و دهۆک بەشدارییان تیادا کرد، و ژنێکی گەنج بە ناوی وەفا فانۆ و گەنجێک لە پێکهاتەی شیعە بە ناوی عەدا عەبدوڵا پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا، پاشان براوەکان لەلایەن یەکێتی گەنجانی شەنگال و بنەماڵەی شەهید زەردەشت شەنگالی، فەرماندەی یەبەشە خەڵاتکران.

 

"پێشبڕکێکە مایەی دڵخۆشییە"

دلڤین بەرخۆدان، یەکێک لە بەشداربووانی پێشبڕکێکە، دەربارەی پێشبڕکێکە وتی: ئێمە وەک ژنانی گەنج هاتووین بۆ ئەنجامدانی پێشبڕکێ، جێی خۆشحاڵییە کە لە شەنگال پێشبڕکێیەکی لەو شێوەیە ئەنجام دەدرێت، داوا لە هەموو ژنانی گەنج دەکەم وەرزش بکەن و بەشداری بکەن، چونکە وەرزش زۆر باشە بۆ تەندروستی و لەشی مرۆڤ، ئەمە پێشبڕکێیەکی زۆر سەرکەوتووە و سەرکەوتنی ئێمە سەرکەوتنی ژنانە.

 

"هەستکردن بە سەرکەوتن زۆر خۆشە"

وەفا فانۆ، کە پلەی یەکەمی لە پێشبڕکێکەدا بەدەستهێنا، هەستی سەرکەوتنی خۆی دەربڕی و وتی: بەشداری زۆرم لەو جۆرە پێشبڕکێیانە لە بەغدا و شوێنە جیاوازەکان کردووە،  ئەمە یەکەم جارە لە شەنگال بەشداری دەکەم، لەبەر ئەوە بۆ من جێی خۆشحاڵییە، ماوەی سێ ساڵە وەرزش دەکەم، زۆر دڵخۆشم کە پلەی یەکەمم بەدەستهێنا، ئەمە یەکەم جار نییە کە من پلەی یەکەم بەدەستدەهێنم.