کاردانەوەی ژنانی عەفرین دژی هێرشەکان؛ ڕووسیا بەرپرسیارە
سەدان کەس لە دانیشتوانی عەفرین و شەهبا چوونە سەر بنکەی ڕووسیایان لە ناوچەی شەهبا و هێرشە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیایان لە ناوچەکەدا شەرمەزار کرد.
شەهبا
پاشنیوەڕۆی دوێنێ، لە ناوچەی ئەحداسی سەر بە کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئۆتۆمبێلێک لەلایەن فڕۆکەیەکی سیخوڕی سوپای داگیرکەری تورکیا کرایە ئامانج و تیایدا ٣ شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە گیانیان لەدەستدا و ٢ کەسیش بریندار بوون.
دانیشتوانی شەهبا و عەفرینییەکان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە ڕێپێوان چوونە بەردەم بنکەی ڕووسیا لە گوندی وەحشییەی سەر بە ناوچەی فافین لە شەهبا.
لە ڕێپێوانەکەدا دروشمەکانی "نا بۆ داگیرکاری تورکیا"، "تورکیا دەمانکوژێت، دیمەشق گەمارۆمان دەدات" و "بێدەنگی ڕووسیا بەرامبەر کۆمەڵکوژ کردنمان شەرمەزارییە" بەرز کرانەوە، دوای ڕێپێوانەکە شاندێک بەناوی ئاوارەکانی عەفرینەوە چوونە لای کەسانی پەیوەندیدار و داواکاری خەڵکیان گەیاند و داوای مافی خوێنی منداڵەکانیان کرد و هێرشە داگیرکارییەکانیان سەر ناوچەکەیان ئیدانە کرد.
"ڕووسیا بەرپرسیارە لەو هێرشانە"
لەیلا محەمەد ڕەشۆ، ئاوارەیەکی عەفرینییە و وتی: دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەکانی منداڵەکانمان دەکاتە ئامانج، هەبوونی ڕووسیا لە ناوچەکە و لە کاتی هێرشەکاندا چییە؟، ڕووسیا بەرپرسیارە لە خوێنی منداڵەکانمان، کاتێک ناتوانن ئاسمانی شەهبا لە فڕۆکەکانی تورکیا بپارێزن، با ڕووسیا ئێرە بەجێبهێڵێت، ئێمە بوونی ئەومان ناوێت، بێدەنگییەکەی لە بەرامبەر بە ئامانجکردنی منداڵەکانمان، هاوکاریکردنی لەگەڵ تورکیا دەردەخات، ئەگەر یەکێک لە ئێمە بمێنێتەوە ئەوا خاکەکەی دەپارێزێت و لەسەر ڕێگای شەهیدان هەنگاو دەنێت، ڕووسیا خیانەت لە کورد دەکات و ئەمەش یەکەمجار نییە، ٣ لە خەباتکارەکانمان بە دەستی خیانەت شەهید بوون، ئێمە تۆڵەی خۆمان دەکەینەوە.
"بێدەنگی هاوکارییە"
هەڤین عەلۆش بێدەنگی ڕووسیای لە بەرامبەر هێرشەکاندا ئیدانە کرد و وتی: بێدەنگی هاوکارییە، ڕووسیا دەستی هەیە لە بەئامانجگرتنی منداڵەکانمان، فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا ناتوانن بەبێ ڕەزامەندی ڕووسیا بە ئازادی بەسەر ئاسمانی ئێمەدا بسووڕێنەوە، ڕووسیا پارێزگاری لێدەکات، لەبری ئەوەی ئێمە بپارێزن، منداڵەکانمان ئەوان لە بەرەی جەنگ دەپارێزن، بنکەی ڕووسیاش لە شەهبایە، بۆچی ناکرێنە ئامانج، تەنها کورد دەکرێنە ئامانج.